نوچەنێت
رێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە وەکالەت رایگەیاند “بڕیارەکەی دادگای کارگێڕی عێراق پێشبینی کراو بوو و لە ژێر گوشار بڕیارەکەی دەرکردووە”. دەشڵێت “لە 25ی ئەیلوول بە کردار وەڵامیان دەدەینەوە”.
رۆژی پێنجشەممە 17-8-2017 بە نووسراوێکی فەرمی کە واژۆی د.کەریم خەمیس خەسباک، سەرۆکی دادگاکەی لەسەرە، دادگای ئیداری عێراق بڕیاری دا بە هەڵوەشانەوەی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لەبارەی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەگەڵ ئاڵای عێراق لەسەر فەرمانگەکانی کەرکووک.
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک بە وەکالەت لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی، ئەوانەی سکاڵایان تۆمارکردووە، نوێنەرایەتی هیچ پێكهاتەیەک ناکەن و بڕیارەکەی دادگای کارگێڕی عێراق پاڵپشت نییە بەهیچ یاسا و ماددەیەکی دەستووری.
رێبوار تاڵەبانی بە ئاماژەدان بەوەی 35 ساڵ حیزبی بەعس و سەددام حوسێن نەیانتوانی بە یاس و هێز کەرکووک لە کوردستان داببڕن گوتی: “پێموانییە ئێستایش کەس بتوانێت کەرکووک لە کوردستان دابڕێت”. گوتیشی”ئاڵای کوردستان لە کەرکووک داناگیرێت”.
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە وەکالەت گوتی: “هەموو رێگەیەک بۆ تانەدان لە بڕیارەکە دەگرینەبەر و ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک وەڵامی دادگای کارگێڕی عێراق دەداتەوە”.
رێبوار تاڵەبانی گوتی، بڕیارەکەی دادگای کارگێڕی عێراق پاڵپشت نییە بەهیچ یاسا و ماددەیەکی دەستووری، ئێمە پاڵپشتین بە ماددەی 140 و ماددەی 115-ی دەستووری عێراق، ئاڵا و کەرکووک و پێشمەرگە سێ شتی دانەبڕاون لە کوردستان و لە 25ی ئەیلوول بە کردار وەڵامی دادگای کارگێڕی عێراق دەدرێتەوە.