نوچهنێت – ئاژانسهكان
رۆژی پێنجشەممە 17-8-2017 بە نووسراوێکی فەرمی، کە واژۆی د.کەریم خەمیس خەسباک، سەرۆکی دادگاکەی لەسەرە، دادگای ئیداری عێراق بڕیاری دا بە هەڵوەشانەوەی بڕیارەکەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، لەبارەی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەگەڵ ئاڵای عێراق لەسەر فەرمانگەکانی کەرکوک.
دادگاکە جەختی لەوە کردووەتەوە، بڕیارەکەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەبارەی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان “پێچەوانەی یاسای قۆناغی راگوزەری ئیدارەی دەوڵەتی عێراقی ساڵی 2004ـە”.
وەک لە نووسراوکەی دادگای ئیداری عێراقدا هاتووە، هەریەک لە عەلی مەهدی سادق، ترکان شکور ئەیوب، قاسم حەمزە ئەحمەد، تەحسین محەمەد عەلی و عەدنان نورەدین محەمەد لەسەر هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکوک، لە دادگای ئیداری عێراق سکاڵایان لەسەر رێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەوەکالەت تۆمارکردووە.
دادگاکە بڕیاریداوە، تەواوی باج و تێچووی دادگاکە و پارێزەر و بریکارەکان بخرێتە ئەستۆی کەسی داوا لەسەر تۆمارکراو.