بارزانی: داهاتوویەکی گەش چاوەڕێی گەلی کوردستان دەکات

0

نوچەنێت
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی لەگەڵ رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان رایگەیاند، ئایندەیەکی گەش چاوەڕێی گەلی کوردستان دەکات.

بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی پێنجشەممە 17\8\2017، لە سەڵاحەدین، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان کۆ بووەتەوە.

مەسعود بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاندووە، ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بۆ رێگرتنە لە خوێنڕشتن و دووبارەبوونەوەی کارەساتەکان بەسەر گەلی کوردستان.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە، کە بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی ”هەڵوێستێکی مێژوویی و نیشتمانی“ی حزبە کوردستانییەکانە و کوردستان وەک چۆن لە رابردوودا فاکتەرێکی سەقامگیری بووە، ”لەدوای سەربەخۆییشدا بەھەمانشێوە دەبێتە فاکتەرێکی بەھێز بۆ پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا“.

مەسعود بارزانی هەروەها رایگەیاندووە، کە گەلی کوردستان بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە دۆزی رەوای خۆی دەباتە پێشەوە و ئێستاش بارودۆخی کوردستان و ناوچەکە وەک قۆناگەکانی رابردوو نییە، هەروەها ”ئایندەیەکی گەش چاوەڕوانی خەڵکی کوردستان دەکات“.

هەروەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، پاڵپشتی خۆی و حزبەکەی بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان راگەیاندووە و بڕیاری ئەنجامدانیشی بە ”بەبڕیارێکی نیشتمانی و مێژوویی“ داناوە.

رۆژی چوارشەممە 7-6-2017، لە کۆبوونەوەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بڕیاردرا، رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 لە ھەرێمی کوردستان، کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ئەنجام دەدرێت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com