نوچەنێت
لە کۆنوونەوەی شەوی رابردووی شاندی هەرێم لە بەغدا، هاوپەیمانی نیشتمانی عێراقی (شیعەکان) داوای دواخستنی گشتپرسی دەکات و شاندی کوردستانیش مەرج و داواکارییەکانی بۆ دواخستنی گشتپرسی “بۆ ماوەیەکی کاتی” دەداتە بەغدا.
شاندی کوردستان تاوەکو رۆژی دووشەممەی داهاتوو لە بەغدا دەمێنێتەوە. بڕیاروایە رۆژی یەکشەممە، کورد نەخشەڕێگەکەی بداتە هاوپەیمانی نیشتمانی عێراقی، ئەوانیش هەمان رۆژ نەخشەڕێگەی خۆیان پێشکەش بە شاندی کوردستان دەکەن.
شەوی رابردوو (16-8-2017) شاندی کوردستان لەگەڵ هاوپەیمانی نیشتمانی عێراقی (شیعەکان) کۆبووەتەوە، کە گەورەترین هاوپەیمانی عێراقییە و هەموو لایەنە شیعەکان لەخۆدەگرێت، جگە لە رەوتی سەدر.
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی کە (رووداو) بڵاویکردۆتەوە، هاوپەیمانی نیشتمانی داوای دواخستنی گشتپرسی لە هەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام شاندی ریفراندۆم رایگەیاندووە، ئەگەر مەرجەکانی جێبەجێ نەکرێن و نەتەوە یەکگرتووەکان و ڵاتانی زلهێزیش چاودێری گفتوگۆ و رێککەوتنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا نەکەن، ئەوا ئامادە نییە گشتپرسی دوابخات.
داواکارییە سەرەکییەکانی کورد لە بەغدا ئەمانەن: جێبەجێکردنی ماددەی 140، گەڕانەوەی بودجە و موچە، گەڕانەوەی پشکی کورد لە حکومەتی ناوەندی، بەرزکردنەوەی رێژەی کورد لە سوپای عێراق و چەندین داخوازی دیکە. شاندەکە رایگەیاندووە، دەبێ ئەو داواکارییانە لەماوەیەکی دیاریکراودا جێبەجێبکرێن.
شاندەکەی کوردستان رایگەیاندووە، بۆ ئەنجامدانی هەر رێککەوتنێک پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی زلهێز بەشدار بن و چاودێری گفتوگۆکانیش بکەن.
شاندی کوردستان رایگەیاندووە، دەبێ دواخستنی گشتپرسی بە نووسراو بێ و وڵاتانی ئەنجومەنی ئاسایش ئاگادار بن و دوای ماوەیەک، کە پێدەچێت دوای هەڵبژاردنەکانی عێراق بێ، کورد گشپرسی ئەنجامبدات.