تایبه‌ت: نوچه‌نێت
ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵی ئیسلامی ڕایده‌گه‌یه‌نێت، كۆمه‌ڵی ئیسلامی ئاماده‌یی هه‌ر گفتۆیه‌كه له‌سه‌ر بارودۆخی سیاسی و مه‌رجی بۆ گفتوگۆ نییه. ده‌شڵێت “له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان جیاوازیمان هه‌یه”.
پاش نزیكه‌ی دوو ساڵ له په‌ككه‌وتنی په‌رله‌مانی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان مه‌رجه‌كانی خۆی بۆ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان هه‌ڵگرت و داواكاره به ستافی پێشووی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و به‌بێ مه‌رج كارابكرێته‌وه، بۆ ئه‌مه‌ش داوای گفتوگۆی له لایه‌نه سیاسییه‌كانی دیكه‌ی ناو په‌رله‌مانی كوردستان كردووه، له نێوانیاندا كۆمه‌ڵی ئیسلامی.
له لێدوانێكی تایبه‌ت به نوچه‌نێت، زانا رۆستای، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵی ئیسلامی، سه‌باره‌ت به هه‌ڵویستیان ده‌رباره‌ی بارودۆخی سیاسی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند: ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێك پێش ئێستا كۆمه‌ڵی ئیسلامی له رێی به‌یاننامه‌یه‌كی فەرمییەوە ئاماده‌یی خۆی بۆ گفتوگۆ ده‌ربڕی و له به‌یاننامه‌كه‌دا هیچ مه‌رجێكی بۆ گفتوگۆ دانه‌ناوه، به‌ڵكو ته‌نها داوای كردووه په‌رله‌مان به‌بێ مه‌رج كارابكرێته‌وه و بارودرخی خه‌ڵك ئاسایی بكرێته‌وه و هه‌ڵبژاردنه گشتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له كاتی خۆی دا ئه‌نجام بدرێت، هەروەها یاسایی سه‌رۆكایه‌تی هه‌ڕیمیش هه‌موار بكرێته‌وه.
زانا ڕۆستایی ئه‌وه‌شی نه‌شارده‌وه، کە كۆمه‌ڵی ئیسلامی ترسی له دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه، بۆیه داوای كردووه ریفراندۆم و راپرسی و هه‌ڵبژاردنه‌كان پێكه‌وه ئه‌نجامبدرێن و له په‌رله‌مانه‌وه یاسایه‌كی تایبه‌ت بۆ ریفراندۆم ده‌ربكرێت و له‌وێوه واده‌ی ریفراندۆم دیاری بكرێت.
به‌بڕوای ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی كۆمه‌ڵی ئیسلامی، حزبه‌كه‌ی جیاوازی له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌یه، به‌ڵام زۆری خاڵه هاوبه‌شه‌كان ئه‌و جیاوازیه‌ی داپۆشیوه. گوتیشی، كۆمه‌ڵی ئیسلامی سێ ڕۆژ پێش بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌یاننامه‌ی ده‌ركردووه، ئه‌مه‌ش واتای ئه‌وه‌یه، کە له ده‌ربڕینی هه‌ڵوێسته‌كانی سه‌ربه‌خۆیه.