نوچەنێت
ئەنجومەنی قەزای خانەقین بڕیاری دا، ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە سنووری شارەکەدا بکرێت و هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، کە حکومەتی عێراق ماددەی 140ی دەستووری هەمیشەیی عێراقی جێبەجێ نەکردووە.
بەپێی نووسراوێک، کە واژووی سەمیر محەمەد نور، سەرۆکی ئەنجومەنی قەزای خانەقینی بەسەرەوەیە، ئەمڕۆ چوارشەممە 16-8-2017 ئەنجومەنەکە بە ئامادەبوونی 18 ئەندام، کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام داوە و پرسی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی تاوتوێ کردووە.
هاوکات ئاماژە بەوە دراوە کە حکوومەتی عێراقی فیدرال ماوەی 10 ساڵ بەسەر ماددەی 140ی دەستووری هەمیشەیی عێراقدا تێپەڕیوە و حکوومەتی عێراق هیچ هەنگاوێک بۆ جێبەجێکردنی ماددەکە نانێت.
ئەنجومەنی خانەقین لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاری داوە ڕیفراندۆم لە سنوورەکەیاندا بکرێت و داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە، خەڵکی سنوورەکە لە ڕیفراندۆم بێبەش نەکەن و بنکەی دەنگدان لە سنووری خانەقین و دەوروبەری بۆ ڕیفراندۆم دابمەزرێنن.
