نوچەنێت: تایبەت
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، لەکۆی 53 ماددە لە پڕۆژەیاسایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان تەنها دوو ماددە نەبێت، سەرجەمیان دەنگیان لەسەر دراوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 15-8-2017، پڕۆژەیاسایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، دوای گفتوگۆ کردن لەسەری، پڕۆژە یاساكە جگە لەماددەی 37 و 52 بەزۆرینە دەنگی لەسەردرا.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، رێبوار تەها، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی، سەبارەت بە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق، بۆ دەنگدان لەسەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق رایگەیاند: لەکۆی 53 ماددە لە پڕۆژەیاسایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، تەنها دوو ماددە نەبێت سەرجەمیان دەنگیان لەسەردراوە، ئەوانیش ماددەکانی 37 و 52، کە پەیوەندییان بە کەرکوکەوە هەیە.
هەروەها گوتیشی “دواخستنی ئەو دوو ماددەیە لەسەرداوای نوێنەرانی کەرکوك بووە، بۆئەوەی کاتێکی زیاترمان لەبەردەم بێت، لەگەڵ نوێنەرانی تورکمان، عەرەب، کلدان و ئاشور پێکەوە دابنیشین و بگەینە رێککەوتنێکی تایبەت بە کەرکوك”.
رێبوار تەها پێیوایە، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە کەرکوك، پرسێکی سیاسییە و پێناچێت لەپەرلەمان چارەسەر بکرێت و دەشڵێت “ئێمە بەردەوام دەبین لە هەنگاوەکانمان و کۆبوونەوەکانمان تا رۆژی پێنجشەممە یان رۆژی شەممە، جارێکی دیکە دەخرێتە خشتەی کاری پەرلەمانەوە بۆ دەنگدان لەسەر ئەو دوو ماددەیە، کە ماون”.