نوچەنێت
سەرۆکی شاندی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم دەڵێ کۆبوونەوەکان ئیجابی و ئۆمێد بەخش بوونە و پەیامی ئەوەمان بە لایەنەکان گەیاندووە گشتپرسی بە شتێکی سلبی سەیر نەکەن. لە بەرامبەریشدا باڵیۆزی ئێران لە عێراق دەڵێت “ئێران پاڵپشتی هەر جۆرە دانوستاندنێک دەکات کە لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا دەکرێت”.
دوای کۆبوونەوەی نێوان شاندی بەغدای ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم لەگەڵ باڵیۆزی ئێران لە عێراق، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا، د.رۆژ نووری شاوەیس، سەرۆکی شاندەکە رایگەیاند “بەشێوەیەکی گشتی کۆبوونەوەکان ئیجابی و ئۆمێد بەخش بوون”.
رۆژ نووری شاوەیس گوتیشی “رێگا چارەکان کراوەن، ئێمە بە راشکاوی و بەبێ مەرج و مەرجکاری باسی هەموو ئەو کێشە و لایەنانەمان کرد، کە بوونە گرفت بۆ سەر هەرێمی کوردستان و پێویستیان بە چارەسەرە، هاوکات باسی ئارەزوومەندی گەلی کوردستان کرا، بۆ بڕیاردان لەسەر داهاتووی خۆی لە رێگەی ریفراندۆم”.
سەرۆکی شاندی بەغدای ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم گوتی “هاتووین بڵێین بەشتێکی سلبی سەیری ریفراندۆم نەکەن، چونکە ئەمە رێگە چارەیەکە ، لە داهاتوودا نزیکترمان دەکاتەوە لە یەک لە سەر بنەمای برایەتی و بەرژەوەندی هاوبەش”.
ئیرج مەسجدی، باڵیۆزی ئێران لە عێراق، لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییە هاوبەشەکەدا رایگەیاند “وڵاتەکەی پاڵپشتی هەموو ئەو گفتگۆیانە دەکات، کە لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی بەغدا رێکدەخرێت”.
ئیرەج مەسجدی، هیوای خواست، گفتگۆکانی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان لە بەغدا بە باشی بەڕێوەبچێت و سەرکەوتوو بێت”کۆماری ئیسلامی ئێران پاڵپشتی هەر جۆرە دانوستاندنێک دەکات کە لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا دەکرێت و گفتگۆکانی نێوان هەردوولا هەر ئەنجام و لێکتێگەیشتنێکی هەبێت کۆماری ئیسلامی ئێران پاڵپشتی لێدەکات”.
مەسجدی، دەڵێت: “ئێمە گفتگۆیەکی چڕوپڕمان لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی د.رۆژ ئەنجامدا و هیوادارم شاندەکە لەو ئەرکەی کە لەسەر شانیەتی لە بەغدا سەرکەتوو بێت”.
ئیرج مەسجدی، باڵیۆزی ئێران لە عێراق ئەوەشی راگەیاند: “ئێمە سەبارەت بە گشتپرسی باشووری کوردستان بیروبۆچوونی خۆمان بە شاندی هەرێمی کوردستان راگەیاندووە و داوامان لێکردوون کە گفتوگۆکانیان لەگەڵ بەغدا ئەنجام بدەن و ئەو گفتگۆیانە هەر ئەنجامێکی هەبێت ئێران پاڵپشتی دەکات”.