نوچەنێت
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایدەگەیەنێت، پێشوازی لە گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا دەکەین، سەرکردەکان و خەڵکی عێراق بە هاودڵی و یەکگرتوویی خۆیان، تاوەکو ئێستا دەستکەوتی بەهاداریان لەپرسی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و ئازادکردنی ناوچە داگیرکراوەکانی ژێردەستی داعش بەدەستهێناوە.
بەهرام قاسمی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند “ئێستا لە قۆناغێکی نوێ و بە گیانی لێکگەیشتن و برایەتی و لە رێگەی گفتوگۆی بنیاتنەری دوولایەنە لەنێوان هەولێر و بەغدا، دەتوانن لە رێگەی سەقامگیری و ئاسایش، کە پێویستە بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی عێراق، هەنگاوی گەورەتر بهاوێژن”.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ باشترین پەیوەندی لەگەڵ هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و مەزهەبییەکانی عێراق و گوتی “ئامادەین لەم قۆناغە نوێیەدا بەهەموو ئەزموونی خۆمان، ببینە شەریک لەگەڵ حکومەت و گەلی عێراق لە رێگای ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانەوەی ئەو وڵاتە”.
هەرێمی کوردستان دەیەوێت لە 25-9-2017 گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی ئەنجام بدات بۆ ئەو مەبەستە، ئەنجومەنێکی باڵای ریفراندۆم لە زۆربەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێم پێکهێنراوە (جگە لە گۆڕان و کۆمەڵ). ئەنجومەنەکە شاندێکی پێکهێناوە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا و شاندەکە رۆژی دووشەممە 14-8-2017 گەیشتنە بەغدا و لەگەڵ عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە.
هەروەها شاندەکە لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا و ئێران کۆبوونەتەوە و بڕیارە لەگەڵ باڵیۆزی تورکیا و لایەنە سیاسییە عێراقییەکان کۆببێتەوە و باسی هەنگاوەکانی گشتپرسی بکەن.