نوچەنێت
ئەندامێکی شاندی کوردستان بۆ بەغدا رایدەگەیەنێت، کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبادی زۆر ئومێدبەخش بووە. دەشڵێت “عەبادی گوتی هەرێمی کوردستان سەربەخۆیی ئابووری و سیاسی هەیە و پێشمەرگەشی هەیە، کە ئاڵای عێراقی هەڵنەگرتووە”.
شاندی کوردستان لە یەکەم کۆبوونەوەیدا لە بەغدا، لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە.
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی شاندەکە دوای کۆبوونەوەکە بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند “بە حەیدەر عەبادیمان راگەیاند: گەلی کوردستان گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی گشتپرسی بکات بۆ سەربەخۆیی، چونکە لە داهاتووی خۆی لە عێراقدا دڵنیا نییە و هێشتاش قەلەقین و دەترسین شەڕ رووبداتەوە”.
سەعدی پیرە دەڵێت “کۆبوونەوەکە زۆر ئومێدبەخش بوو، عەبادی گوتی هەرێمی کوردستان سەربەخۆیی ئابووری و سیاسی هەیە و پێشمەرگەشی هەیە کە ئاڵای عێراقی هەڵنەگرتووە”.