هوشیار زێباری: ئەو دەرفەتەی ئێستا بۆ سەربەخۆیی رەخساوە دووبارە نابێتەوە

0

نوچەنێت

ئەندامێکی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە ئەو دەرفەتەی ئێستا بۆ سەربەخۆیی کوردستان رەخساوە، دووبارە نابێتەوە. دەشڵێت ” حکومەت و حزبە عێراقییەکان دژایەتی ئەو هەوڵەی کوردستان دەکەن و رەنگە هەندێک خەڵکی کوردیش بدۆزنەوە بۆ دژایەتی کردنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی”.

لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 7-6-2017 مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بڕیاردرا، رۆژی 25-9-2017 لە ھەرێمی کوردستان، کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ئەنجام دەدرێت.

رۆژی دووشەممە 14-8-2017، هوشیار زێباری، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆمی سەربەخۆیی، لە پانێلێکی زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر رایگەیاند: کوردستان لەگەڵ عێراق گەیشتووەتە بنبەست، بە تایبەت، کە ئێستا سەرکردە عێراقییەکان باس لەوە دەکەن، کە لەمەودوا کار بە زۆرینەی پەرلەمانی ”واتە زۆرینەی شیعە“ دەکەن.

هوشیار زێباری هەروەها دەڵێت، هەرچەندە دەستووری عێراق، رێگە لە ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ناگرێت، بەڵام حکومەت و حزبە عێراقییەکان دژایەتی ئەو هەوڵەی کوردستان دەکەن و ”رەنگە“ هەندێک خەڵکی کوردیش بدۆزنەوە بۆ دژایەتی کردنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی، هاوشێوەی رژێمی بەعس، کە چەندین کوردیان دۆزیبووەوە و بۆ ئامانجەکانی خۆیان، بەکاریان دەهێنان.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی باڵای ریفرراندۆم ئاماژەی بەوەش کرد، کە سەرکردایەتی سیاسی کوردستان شەو و رۆژ کار بۆ پرسی ریفراندۆم دەکات، هەرچەندە ”ھەندێک ھێزی ناوخۆ و چەند وڵاتێک“ دژایەتی ئەو پرۆسەیە دەکەن و هەوڵ دەدەن خەڵکی کوردستان بترسێنن.

زێباری پێیوایە ئەنجامدانی ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان کۆتایی بە عێراق ناهێنێت و ئەو وڵاتە دەتوانێ لەگەڵ کوردستان ببێتە دراوسێیەکی باش. هۆشداریی دا لەوەی، کە ئەگەر ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ئەنجام نەدرێ یان شکست بە هەوڵەکان بهێندرێت، ئەوا جارێکی تر ئەم دەرفەتە بۆ سەربەخۆیی کوردستان ”دووبارە نابێتەوە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com