پارتی: گشتپرسی لەوە دەرچووە گۆڕان بیر لە دواخستنی بکاتەوە

0

نوچەنێت: تایبەت

ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی لە وەڵامی داواکاییەکانی گۆڕان رایدەگەیەنێت، بابەتی گشتپرسی تازە لەوە دەرچووە بیر لە دواخستنی بکرێتەوە و دەشڵێت”دەبوو لەجیاتی دواخستنی گشپرسی داواکاری دیکەیان هەبوایە”.

رۆژی شەممە 12-8-2017، بزووتنەوەی گۆڕان لە راگەیێندراوێکدا بەفەرمی وەڵامی پارتی دیموکراتی کوردستانی دایەوە، بۆ دانوستاندن و چارەسەرکردنی کێشەکان، یەکێک لە مەرجەکانیشی بۆ دانوستاندن دواخستنی گشتپرسی بوو. لە راگەیێندراوەکەی گۆڕاندا هاتبوو “بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم لە (25-9-2017) لە دەرەوەی زەمینەسازی یاسایی‌ و هەلومەرجی لەباری سیاسی، ئابووری، ئەمنی ‌و کۆمەڵایەتی دراوە، بەتایبەتی کێشەی ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان. بۆیە پێویستە ئەم پرسە بۆ کات ‌و هەلومەرجێکی لەبار دوابخرێ‌ و بخرێتەوە بەردەم پەرلەمانی کوردستان”.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، فازیل بەشارەتی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی دواکارییەکانی گۆڕان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حزبەکەی رایگەیاند: پارتی ئەمە بەشتێکی ئاسایی وەری دەگرێت، ئەوەشی، کە تۆزێك شەرعیەت بە خاڵەکانیان دەدات ئەوەیە، کە باس لەوەدەکات ئەمە مەرج نییە، بەڵکو بنەمای دەستپێکردنی کۆبوونەوەیە، چونکە ئەو خاڵانەی ئەوان دایان ناوە زۆربەیان پەیوەندی بەو بەڵێنانەوە هەیە، کە لە رابردوودا بە خەڵکیانداوە، بۆیە ئەوان دەیانەوێت بە نیمچە شکستێك لێی دەربچن.  

سەبارەت بە داوای دوا خستنی گشتپرسی لەلایەن گۆڕانەوە دەڵێت “بابەتی گشتپرسی تازە لەوە دەرچووە بیر لە دواخستنی بکرێتەوە، نەدەبوو بەو شێوەیە دژایەتی ئیرادەی خواستی نەتەوەیەك بکەن، کە زیاتر لە سەد ساڵە قوربانی لەپێناو گشتپرسی و سەر بەخۆیی کوردستان دەدات، دەبوو  گۆڕان چەندین خاڵی قورسی دیکەیان بنوسیایە، بەڵام داوای دواخستنی گشتپرسیان نەکردایە”.

بەشارەتی گوتیشی “ئەوان خۆشیان دەزانن، کە دواخستنی گشتپرسی ناچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و لەوانەشە نەچێتە بواری گفتوگۆ کردنەوە، بۆیە ئەم داواکارییە رەتدەکرێتەوە”.  

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پارتی داوا لەحزبوو لایەنە سیاسیەکانیش دەکات، کە بابەت و خاڵێك بێننە ناو کۆبوونەوەکان بۆ گفتوگۆکردن لە سەری، بابەتی چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان و چاککردنی ژیانی خەڵکی کوردستان بێت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com