نەجمەدین کەریم: چوونی شاندی هەرێم بۆ بەغدا نوێنەرایەتی ئێمەش دەکات

0

نوچەنێت
پارێزگاری کەرکوک لە لێدوانێکیدا رایدەگەیەنێ، ئەو شاندەی دەچێتە بەغدا نوێنەرایەتی هەموو خەڵکی کوردستان دەکات، کەرکوکیش بەشێکە لە کوردستان و هەر کەسێک لەو شاندە بڕوات بە شاندی خۆیانی دەزانن. 

لەکاتی بەسەرکردنەوەی سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە باشووری کەرکوک، د. نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکوک رایگەیاند “بە ناوی هەموو خەڵکی کەرکوک سوپاسی هێزەکانی پێشمەرگە دەکەم، ئەوان تەنیا بۆ پاراستنی نەتەوەیەک نەهاتوون، بەڵکو بۆ پاراستنی هەموو نەتەوە و پێکهاتە و ئایینەکانی کەرکوک لێرەن”.

د. نەجمەدین کەریم گوتی “ئەوەی کەرکوکی بەدەستەوەدا، بەتایبەتی ناوچەی حەویجە و دەورووبەری پێشمەرگە نەبوو، بەڵکو پێشمەرگە هات و داعشی دەرکرد، دڵنیام هەر پێشمەرگەش داعش لەو ناوچانە وەدەردەنێت، چۆن پێشمەرگە بەشیری رزگارکرد، دڵنیاشم رۆڵی سەرەکی لە رزگارکردنی شوێنەکانی دیکەی کەرکووکدا دەبێت”.

پارێزگاری کەرکوک لەبارەی ئۆپەراسیۆنی حەویجە گوتی “زۆرجار باسی ئەو بابەتەمان کردووە و داوامان لە حکومەتی عێراق کردووە بڕیاری ئازادکردنی حەویجە بدات، پێشمەرگە لەو رووەوە ئامادەیی خۆی دەربڕیوە، وەزارەتی پێشمەرگە و سەرکردایەتی پێشمەرگە و سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش هەموو کاتێک ئامادەبوونە، بۆیە هۆکاری دەستپێنەکردنی ئۆپەراسیۆنی حەویجە پەیوەندی بە پێشمەرگەوە نییە”.

سەبارەت بە چوونی شاندێکی کوردستان بۆ بەغدا بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی گشتپرسی و نوێنەری کەرکووک لە پێکهاتەی شاندەکە، نەجمەدین کەریم گوتی: “ئەو شاندەی دەچێتە بەغدا نوێنەرایەتی هەموو خەڵکی کوردستان دەکات، کەرکووکیش بەشێکە لە کوردستان، هەر کەسێک لەو شاندە بڕوات بە شاندی خۆمانی دەزانین”.

نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکوک دڵنیایی دا لەوەی خەڵکی کەرکوک پێشوازی لە گشتپرسی دەکەن و لە 25ی ئەیلوولی ئەمساڵدا بەشداری پرۆسەکە دەکەن.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com