نوچه‌نێت- شه‌فه‌ق نیوز
ده‌زگاكانی راگه‌یاندنی هه‌رێمی كوردستان، رۆژی هه‌ینی رایانگه‌یاند، ئه‌و شانده‌ی، كه راسپێردراوه بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ به‌غدا سه‌باره‌ت به ئه‌نجامدانی گشتپرسی له هه‌رێمی كوردستان، رۆژی شه‌ممه 12-8-2017، له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستاندا كۆده‌بێته‌وه، بۆئه‌وه‌ی رۆژی یه‌كشه‌ممه 13-8-2017 به‌ره‌و به‌غدا به‌رێبكه‌ون.
شانده‌كه دوو كۆبوونه‌وه ئه‌نجام ده‌دات پێش ئه‌وه‌ی بچنه به‌غدا، یه‌كێكیان له‌نێوان ئه‌ندامانی شانده دانوستانكاره‌كه و ئه‌وی دیكه‌ش له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، ئاماژه‌ش به‌وه كراوه، كه شانده‌كه رۆژی یه‌كشه‌ممه به‌ره‌و به‌غدا به‌رێده‌كه‌وێت.
هه‌روه‌ها باس له‌وه ده‌كرێت، كه كۆبوونه‌وه‌كانی شانده‌كه ته‌نها له‌گه‌ل سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عێراق و هێزه سیاسییه‌كان نابێت، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ نوێنه‌رایه‌تییه دیبلۆماسییه‌كانی وڵاتان و باڵیۆزخانه‌كانیش ده‌بێت، پێشده‌چێت سه‌ردانه‌كه دوو بۆ سێ رۆژ بخایه‌نێت.
ئه‌ندامانی شانده‌كه‌ش بریتین له هه‌ریه‌ك له رۆژ نوری شاوه‌یس، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموکراتی كوردستان، سه‌عدی ئەحمەد پیره، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، فوئاد حسێن، سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د له یه‌كگرتووی ئیسلامی و ماجد عوسمان له پێكهاته‌ی توركمان و رۆمیۆ هه‌كاری له كریستیانه‌كان و ڤیان ده‌خیل-یش، وه‌ك نوێنه‌ری كوردانی ئێزدی.