نوچەنێت
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لە گەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا راگەیاندووە، لە بەرانبەر دواخستنی گشتپرسی چ زەمانەتێك و چ بەدیلێك هەیە بۆ ئایندە و دیاریكردنی چارەنووسی گەلی كوردستان؟
بە گوێرەی راگەیەندراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، رێکس تیلێرسۆن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا گوتووە، پێیباشە گشتپرسی لە هەرێمی كوردستان دوابخرێ، پشتگیریی خۆیشی بۆ دیالۆگ و دانوستاندنی نێوان هەولێر و بەغدا دووپاتدەکاتەوە. لەبەرامبەردا بارزانی رایگەیاند: پرسیار ئەوەیە لە بەرانبەر دواخستنی گشتپرسی چ زەمانەتێك و چ بەدیلێك هەیە بۆ ئایندە و دیاریكردنی چارەنووسی گەلی كوردستان؟
دەقی راگەیەندراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی نێوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە:
نێوان سەرۆكی هەرێمی كوردستان و وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و پرسی ڕیفراندۆم تاوتوێ كرا.
لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی نێوان سەرۆكی هەرێمی كوردستان و وەزیری دەرەوەی ئەمریكا پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و پرسی ڕیفراندۆم تاوتوێ كرا.
ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە 10ـ8ـ2017، بەڕێز ڕێكس تیلێرسۆن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە بەڕێز مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد.
لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دەستخۆشی لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان كرد لە تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش و پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی پێشمەرگەی كرد و هاوكات سەرەخۆشی لە خانەوادە و كەسوكاری ئەو پێشمەرگانە كرد، كە لە شەڕی دژی تیرۆرستاندا گیانی خۆیان بەخت كردووە و شەهید بوونە.
لە بەشێكی دیكەی ئەو پەیوەندییەدا وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دەستخۆشی لە سەرۆك بارزانی و سەركردایەتی سیاسی كوردستان كرد بۆ بڕیاری پێكهێنان و ناردنی شاندی باڵای هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا بە مەبەستی دانوساندن لەسەر پرسە سیاسییەكان و هەورەها ئەوەیشی ڕاگەیاند، كە پێی باشە ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان دوابخرێ و پشتگیری خۆیشی بۆ دیالۆگ و دانوساندنی نێوان هەرێم و بەغدا دووپات كردەوە.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی، سوپاسی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكای كرد و هەروەها پێزانینی هەبوو بۆ ئەو هاوكاری و یارمەتیدانەی، كە ئەمەریكا پێشكەشی هێزی پێشمەرگەی كردووە لە شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش. هەروەها جەختیشی لەوە كردەوە، كە بەمنزیكانە شاندی باڵای هەرێم سەردانی بەغدا دەكات بۆ گفتوگۆ لەسەر ئەو پرسانەی پەیوەستن بە ئاییندەی پەیوەندیی نێوان كوردستان و بەغدا.
لەبارەی داواكاری بۆ دواخستنی ڕیفراندۆم سەرۆك بارزانی، بە وەزیری دەرەوەی ئەمەریكای ڕاگەیاند، كە ئەو پێكەوەژیانەی كوردستان لە ڕابردوو و لە قۆناغی جۆراوجۆر لەگەڵ دەوڵەتی عێراق هەوڵی بۆ دەدا جێبەجێ نەكرا، هەر بۆیەش گەلی كوردستان بڕیاری دا ڕێگەی خۆی بگرێتەبەر. سەرۆك بارزانی، ئەوەیشی بۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا خستەڕوو، كە پرسیار ئەوەیە لە بەرانبەر دواخستنی ڕیفراندۆم چ زەمانەتێك و چ بەدیلێك هەیە بۆ ئایندە و دیاریكردنی چارەنووسی گەلی كوردستان؟
هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا هەردوولا بڕیاریاندا، كە لە هەموو هەنگاو و پێشهاتە سیاسییەكانی ئاییندەدا هاوكار و هەماهەنگ و لە پەیوەندیی بەردەوامدا بن.