نوچەنێت
دەزگاكانی راگەیاندنی كەنەدا بە توندی هێرشیانكردە سەر سەرۆكوەزیرانی وڵاتەکەیان و پارتی دیموكراتی لیبراڵی دەسەڵاتدار و بە بەرپرسیاری نەگەیشتنی ئەو چەكانەی ئۆتاوا بۆ هەرێمی كوردستانی رەوانە كردووە دەزانن.
لە مانگی ئاداری 2016 جۆن فۆستر جێگری وەزیری بەرگری كەنەدا رایگەیاند، حكومەتەكەی رەزامەندی حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراقی وەرگرتووە بۆ رەوانە كردنی چەك و تەقەمەنی بۆ هێزەكانی پێشمەرگە.
دەزگاكانی راگەیاندنی كەنەدا رایانگەیاند “ئەو چەكانەی كەنەدا رەوانەی كردبوون نەگەییشتوونەتە دەست هێزەكانی پێشمەرگە، بەغدا لەسەر میلیشیاكانی حەشدی شەعبی دابەشیكردوون”.
شاخەوان عەبدوڵڵا ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە پەرلەمانی عێراق لەمبارەوە بە (رووداو)ی راگەیاند: “بەدواداچوونمان بۆ ئەم پرسە كردووە، بەڵام بەپێی سیستەمی جیهانی دەبێ چەك بدرێتە ناوەند ئەویش بۆ پێشمەرگەی بنیرێت، بەڵام عێراق بەپێی ئیستیحقاقی هەرێمیش كە17%یە چەكی بە هەرێم نەداوە، تەنانەت ئەو چەكانەی بەناونیشانی هەرێمی كوردستانیش هاتوون وەكو خۆی نەگەییشتوون، داویەتی بە حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنییەكانی دیكە.”
شاخەوان عەبدوڵڵا گوتیشی “ئەگەر بەغدا چەكیشی بە هەرێم دابێت، ناوەڕۆكەكەی لێدەركردووە بۆ نموونە ژمارەیەك باجەرمان لەلایەن حكومەتی عێراقی بۆ هات پێموابێ دیاری ئەمریكا بوون كە تایبەتن بە هەڵگرتنەوەی مین، بەڵام ئامێرە تایبەتەكانی لێدەرهێنابوو، بەبێ ئامێر رەوانەی كردبوو”.