نوچەنێت-رووداو
ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمانی سوید سەر بە پارتی لیبراڵ، لە گوتارێکی هاوبەشدا، داوا لە حکومەتی وڵاتەکەیان دەکەن لە بڕیاری ئەنجامدانی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان پێشوازیی بکەن. دەشڵێن ”باشتر وایە لێگەڕێین عێراق و کوردستان رێگای جیاوازی خۆیان بگرنەبەر”.
دەقی گوتارەکەیان:
”باشتر وایە لێگەڕێین عێراق و کوردستان رێگای جیاوازی خۆیان بگرنەبەر”
رۆژی 25ـی ئەیلوول، گشتپرسیی ئەنجام دەدات لەسەر ئەوەی ئایا هاووڵاتیانی هەرێمەکە هێشتا دەیانەوێت سەر بە حکومەتی ناوەندیی بەغدا بن یان سەر بە کوردستانێکی سەربەخۆ بن. بۆ ئێمە، لیبراڵەکان، مافی چارەی خۆنووسین بنەڕەتییە. پێویستە ئێمە هەموومان بتوانین بڕیار لە داهاتووی خۆمان بدەین. هەندێک پرنسیپی یاسای نێودەوڵەتی هەن، ئێمە پاڵپشتیی لە مافی کورد دەکەین بۆ دیارییکردنی چارەی خۆنووسین و ئەو پرۆسەیەی کە ئەمە دەستەبەر دەکات.
لە کەوتنی سەدام حسێن لە ساڵی 2003ـوە، لە عێراقی نوێدا، هەوڵی زۆر دراون بۆ بونیاتنانی سەقامگیری و هەماهەنگیی لە نێوان گەلی عێراقدا. بەڵگەی ئەوەش لە بەردەستە کە ئەمە بە تەواویی شکستی هێناوە. بە گوێرەی دەستووری عێراقی، دەبووایە ساڵی 2007 گشتپرسییەک لە ناوچە کوردییەکانی پارێزگاکانی دیالە، کەرکووک، سەلاحەدین و نەینەوا ئەنجام بدرایە لەسەر ئەوەی کە ئەوان دەیانەوێت سەر بە هەرێمی کوردستان بن یان بەغدا (ئەمەش بۆ چارسەرکردنی کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان). هەروەها لە دەستووردا هاتووە کە 17%ـی داهاتی وڵات بدرێت بە حکومەتی هەرێمی کوردستان و دان بە هێزەکانی پێشمەرگەی کورددا بنرێت وەک بەشی باکووری سوپای عێراق و حکومەتی ناوەندی خەرجییان بکێشێت.
ئێستا نزیکەی 10 ساڵە کە بەغدا ئەم گشتپرسییەی دوا خستووە. لەم چەند ساڵەی دواییشدا، موچەی کارمەندانی حکومەت، لە ناویشیاندا هێزەکانی پێشمەرگە، نەدراوە. بەهەمانشێوە، داهاتی نەوت لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بەش نەکراوە. حکومەتی ناوەند چەند جارێک ناتوانایی خۆیی بۆ دابینکردنی پاراستن و چاودێریی هەموو وڵات نیشانداوە. عێراقی نوێ بەردەوامە لە هەمان سیاسەتی پانعەرەبی لە بەرامبەر کوردستان، کە ئەمە بێ نکۆڵیکردن هەمیشە شکستی هێناوە.
ئێمەی لیبراڵەکان وا دەبینین، کە عێراق بووەتە ئەوەی، کە پێی دەگوترێت دەوڵەتی شکستخواردوو و پێمانوایە بۆ هەموو قەوارەکانی وا باشترە، کە عێراق و کوردستان بە رێگای جیاوازدا بڕۆن، هەر وەک چۆن چیکوسلۆڤاکیا لە ساڵی 1992 دابەشبوو بۆ کۆماری چیک و سلۆڤاکیا.
ئەگەر گەلی عێراق نەتوانن پێکەوە بژین لە چوارچێوەی یەک سنووری نیشتیمانیدا، ئەوا پێویستە ئەوان، لە بەر هۆکاری دیموکراسییانە، بتوانن سەربەخۆیی رابگەیەنن و دواتر وەک دراوسێی باش بژین.
ئێمە چاوەڕێی کوردستانێک دەکەین، کە تیایدا گروپە جیاوازە ئیتنی و ئاینییەکان یەکگرتووانە و بە مافە بنەڕەتییەکانیان بژین، هەر وەک چۆن ئەوان ئەمڕۆ لە هەرێمە ئۆتۆنۆمییەکەدا دەژین و کورسی کۆتایان لە پەرلەمان هەیە و لەلایەن پێشمەرگەی فەرە پێکهاتەوە بەرگرییان لێدەکرێت.
لە هەمان کاتدا، ئێمە پێمانوایە پێویستە کەمینەکانی پارێزگای نەینەوا، وەک ئاشوورییەکان، سریانییەکان و کلدانییەکان، مافی خۆبەڕێوەبردنیان بدرێتێ، کە حکومەتی عێراقی خۆی لە کانوونی دووەمی 2014ـەوە ئەم بڕیارەی داوە.
لەوەتەی داعش گەیشتووەتە عێراق و سووریا، هەرێمی کوردستان زیاد لە 1.5 ملیۆن کۆچبەری گرتووەنەتە خۆ. بۆ تێگەیشتن لەمە، ئەمە وەک ئەوە وایە، کە سوید نزیکەی 3 ملیۆن کۆچبەر بگرێتە خۆ، بە بەراورد بە ژمارەی دانیشتووانەکەی.
ساڵی 2010، ئێمەی لیبراڵ لە لووتکەی بەهاری سیاسی لە سوید بەشدارییمان کرد و بڕیارمان دا، کە ئێمە پێویستە پاڵپشتی لە کوردستانێکی سەربەخۆ (لە عێراق) بکەین و کاری بۆ بکەین. لیبراڵەکان مێژوویەکی دووریان هەیە لە هاوسۆزیی لەگەڵ گەلی کوردستان، هەربۆیەش ئێمە پێشوازیی لە ئەنجامی گشتپرسییەکە دەکەین و چاوەڕێی ئەو راستییەین لە جیهان، دەوڵەتێکی نوێ و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دەوڵەتێکی دیکەی دیموکراسی بە دەست دێنێت.
لیبراڵەکان لەو باوەڕەدان، کە سوید لە رێگەی حکومەتەکەمانەوە رایدەگەیەنێت، کە ئێمە پێشوازی لە بڕیاری شەرعی و دەستووری گشتپرسی لە کوردستان دەکەین و رێزی ئەنجامی گشتپرسییەکە دەگرین و دان بە دەوڵەتی کوردستاندا دەنێین.
لیبراڵەکان هەروەها باوەڕیان وایە، کە پێویستە سوید یارمەتی پێشکەش بە هەرێمی کوردستان و دامەزراوەی هەڵبژاردنەکانی بکات و بۆ دڵنیابوون لە دادپەروەی و دیموکراسیبوونی پڕۆسەکە، چاودێری هەڵبژاردن بۆ هەڵبژاردنەکە بنێرێت.
واژوکراوە لەلایەن:
بریجیتا ئۆلسۆن، ئەندامی پەرلەمان / گوتەبێژی سیاسەتی دەرەوە (لیبراڵ)
سێسیلیا ویکسترۆم، ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا (لیبراڵ)
فرێدریک مالم، ئەندامی پەرلەمان / گوتەبێژی سیاسەتی کۆچبەران (لیبراڵ)
ماریا لێیسنەر، باڵیۆز و سەرۆکی پێشووی پارتەکە (لیبراڵ)
ئۆڵێ شمیت، جێگرەوەی ئەنجوومەنی شار لە ماڵمۆ، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی ئەوروپا و جێگری سەرۆکی گرووپی هاوپەیمانیی لیبراڵەکان و دیموکراتەکان بۆ ئەوروپا (لیبراڵ)
جوار فۆرسێڵ، سەرۆکی فیدراڵیی کۆمەڵەی لاوانی لیبراڵ (لیبراڵ)
شوکری دەمیر، جێگری دووەمی سەرۆکی کۆمیتەی نێودەوڵەتیی لە سۆلنا (لیبراڵ)
سیروان دەباغ، ئامادەکاریی بۆ دیموکراسی، یەکسانی و مافەکانی مرۆڤ، ماڵمۆ (لیبراڵ)