نوچەنێت
سەرۆکی هەرێمی کوردستان چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ رۆژنامەی (ئەهرام)ی میسری ئەنجام داوە و تێیدا رایگەیاند، گەلی کوردستان لە ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی پاشگەز نابێتەوە و ئامانجی ریفراندۆمەکەش ”سەربەخۆیی کوردستانە“. هەروەها بارزانی پەیامی کورتیش بۆ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە دەنێرێت.
مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، کە حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق لە کارکردن بە بنەمای هابەشیی راستەقینەی پێکهاتەکان لە حوکمڕانیدا شکستیان هێناوە و هەندێک لایەن هەوڵیان داوە هەژموونی خۆیان بەسەر دەسەڵاتی ئەو وڵاتەدا بسەپێنن، کە شەڕی تائیفی لێکەوتووەتەوە.
هەروەک رۆژنامەکە بڵاوی کردووەتەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی پەیوەندیی مێژوویی کوردستان و میسری کردووە و رایگەیاندووە، کە ”بەم زووانە“ سەردانی ئەو وڵاتە دەکات.
مەسعود بارزانی جەختی لە ئاشتیخوازیی گەلی کوردستان کردووەتەوە و رایگەیاندووە، هەرێمی کوردستان دوژمنایەتیی کەس ناکات و هیچ بژارەیەکی نییە جگە لە بوون بە دراوسێیەکی باشی عێراق.
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی مانای گشتپرسی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت “ماناکەی یەک وشەیە، سەربەخۆیی”.
لە دیدارەکەیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی گشتپرسی دەکات و پەیامی کورتیش بۆ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە دەنێرێت.
پەیامەکانی بارزانی بۆ وڵاتانی ناوچەکە:
بۆ بەغدا:
فەشەلمان هێنا لە شەراکەت، بانگهێشتان دەکەم ببین بە دوو دراوسێی باش.
بۆ ئەنقەرە:
دەبینە شوێنێکی ئارام و ئەمین.
بۆ دیمەشق:
رێزی بۆچوونی گەلانی سوریا دەگرین و هیچ ناکۆکییەکمان نییە.
بۆ ریاز:
گەل و حکومەت و شا هاوڕێ و دۆستمانن، دڵخۆشین کە پەیوەندییەکی باشمان هەیە.
بۆ تاران:
هەڵوێستی ئەوانمان لە رۆژی هێرشی داعش بۆ سەر کوردستان بیرناچێت، ئەوان لە وڵاتە هەر پێشینەکان بوو، کە بە کرداری پشتیوانی کردین.
بۆ قاهیرە:
پەیوەندییەکانمان لەگەڵ قاهیرە مێژووین، رێبەری کورد مەلا مستەفای بارزانی، لە ساڵی 1958 لە مۆسکۆوە لەڕێگەی قاهیرەوە گەڕایەوە بەغدا و چاوی کەوت بە سەرۆک عەبدولناسر.