نوچەنێت: تایبەت
ئەندام پەرلەمانێکی کۆمەڵی ئیسلامی رایدەگەیەنێت، ئەگەر داواکردنەوەی پۆستی سکرتێری پەرلەمان بۆ تۆڵە سەندنەوە بێت لە ئێمە، جێگای نیگەرانییە و دەشڵێت “وەرگرتنەوەی ئەو پۆستە لە ئێستادا هیچ مانایەك نابەخشێت”.
پۆستی سكرتێری پهرلهمانی کوردستان، تائێستا لهلای كۆمهڵی ئیسلامی کوردستانە و لهلایهن فهخرهدین قادرهوه بهڕێوهدهبرێت، لەدوای سەرهەڵدانی بابەتی کاراکردنەوەی پەرلەمان، یەکێتی دەیەوێت ئەو پۆستە وەربگرێتەوە، لەماوەی رابردوویشدا بەرپرسانی یەکێتی رایانگەیاندبوو، دوای کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، داوای وەرگرتنەوەی پۆستی سکرتێری پەرلەمان لە کۆمەڵی ئیسلامی دەکەنەوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، شوکریە شێخانی، ئەندام پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی، سەبارەت بەداواکردنەوەی پۆستی سکرتێری پەرلەمان لەلایەن یەکێتییەوە رایگەیاند: تائێستا یەكێتی نیشتمانی، بەفەرمی داوای وەرگرتنەوەی پۆستی سکرتێری پەرلەمانی نەکردووە، هەر کاتێکیش داوای بکاتەوە، چۆن بەرێککەوتن وەرمانگرتووە، ئامادەین بەڕێککەوتن رادەستیان بکەینەوە.
ئەو پەرلەمانتارەی کۆمەڵ پێیوایە، وەرگرتنەوەی ئەو پۆستە لە کۆمەڵ لەو ماوە کەمەی، کە ماوە بۆتەواو بوونی ئەم خولەی پەرلەمان، هیچ مانایەك نابەخشێت و دەشپرسێت، ئایا ئەگەر ئەو پۆستە بدرێت بە کەسێکی دیکە دەتوانێت لەماوەی ئەو دوو مانگەدا چی بکات؟
شوکریە شێخانی جەختیشی لەوە کردەوە و گوتی “ئەگەر داواکردنەوەی پۆستی سکرتێری پەرلەمان، بیانو بێت، بۆ تۆڵە سەندنەوە لە کۆمەڵی ئیسلامی، ئەوا جێگای نیگەرانی ئێمە دەبێت، بەڵام ئەگەر بەرێککەوتن و دانوستان بێت بەلامانەوە ئاسایی دەبێت”.