نوچەنێت
فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، جموجۆڵە سیاسییەکانی پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنەکەی بە پێچەوانەی سیاسەتی فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان ناودەبات و دەڵێت “سەرپێچی كردووە لە سیاسەتی فراكسیۆن و ھەموو ئەو قسانەشی، كە كردی و بۆ لەمەودواش دەیكات، گوزارشت لە رای فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان ناكات”.
رۆژی سێشەممە 8-8-2017 ئەنجومەنێک بە ناوی “نەخێر لە ئێستادا” راگەیەندرا و رابون مەعرووف ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان وەک گوتەبێژی ئەنجوومەنەکە دیاریی کرا کە هەوڵدەدەن دەنگی نەخێر لە گشتپرسییەکەی رۆژی 25-9-2017 دەنگی زۆرینە بێت.
روونكردنەوەیەك لە فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان:
ماوەیەكە پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان كاك رابون مەعروف، ھەندێك جموجۆڵی سیاسی دەكات پێچەوانەی سیاسەتی فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان.
ئێمە لە فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنین، كە ئەم ھەڵسوكەوتانەی ناوبراو ھیچ پەیوەندییەكی بە سیاسەتی فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕانەوە نیەو، سەرپێچی كردووە لە سیاسەتی فراكسیۆن و، ھەموو ئەو قسانەشی كە كردی و بۆ لەمەودواش دەیكات، گوزارشت لە رای فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان ناكات و رای خۆیەتی.
راو ھەڵوێستی فراكسیۆنی گۆڕان لە پرسە سیاسیەكان بە پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆییشەوە، لە بەیاننامەو بەلاغە فەرمییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان رادەگەیەنرێت.
فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان
9-8-2017