نوچەنێت
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ زانایانی ئایینی کۆبووە و گوتارێکی پێشکەشکرد و جەخت لەوە کردەوە، کە گشتپسری بۆ سەربەخۆییە. گوتیشی “گاڵتە بە میللەتی خۆمان ناکەین و دوای ناخەین”.
مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، رۆژی چوارشەممە 9-8-2017 لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە شاری هەولێر، لەگەڵ زانایانی ئایینی کۆبووە و گوتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند “گشتپرسی هی تاکە کەسێک نییە و هی هەموو حزبێک و هەموو خەڵکی کوردستانە و گشتپرسی ئامرازە بۆ سەربەخۆیی نەک ئامانج”.
بارزانی ئاماژەی بەوەدا، کە پرەنسیپی شەراکەت لە عێراق نەماوە، ئەو نموونەی بە سوپای عێراق هێنایەوە و گوتی “پێشتر رێژەی کورد لەنێو سوپای عێراق 40% بوو، کەچی ئێستا زۆر کەمە تاڕادەی نەبوون”. جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، کە بارودۆخی بەغدا قابیلی تەحەمول نییە.
لەبارەی بەرەی نەخێر و هەڵوێستی ئەو وڵاتانەی داوای دواخستنی گشتپرسی دەکەن بارزانی گوتی “ئەوانەی داوای دواخستنی گشتپرسی دەکەن، با بێن بە خەڵکی کوردستان بڵێن بۆ دوابخرێت و گەرەنتی بۆ ئایندەمان چییە”.
بارزانی لە گوتارەکەیدا دڵنیاییدا، کە گشتپرسی 25-9-2017، سەرکەوتوو دەبێت و بەوە نموونەی هێنایەوە و گوتی “کەس هێندەی پۆل بریمەر دژی فیدراڵی نەبوو، بەڵام بوو بە ئەمری واقیع”. (پۆل بریمەر، لەدوای رووخانی رژێمی سەددام حوسێن لە ساڵی 2003 بووە حاکمی مەدەنی عێراق).