نوچەنێت
حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی چەند سیناریۆیەکە بۆ رێکخستنەوەی سیستەمی موچە و بانکی جیهانی داوا لە حکومەت دەکات سیستەمی موچە رێکبخاتەوە، بەشێوەیەک، کە “دادپەروەری و هاوسەنگی” لەگەڵ بازاڕدا هەبێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبەر قەیرانی دارایی لە سەرەتایی ساڵی 2016ـوە دەستی بە پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەران کردووە. پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێویستی بە 850 ملیار دیناربوو بۆ دابینکردنی موچە، بەڵام لە ئەنجامی پاشەکەوتی موچە ئەو ژمارەیە دابەزیوە بۆ 450 ملیار دینار.
لە نەخشەڕێگەی چاکسازی ئابووریی هەرێمی کوردستان، کە ساڵی 2016 بانکی جیهانی بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی کردووە، هۆشداری دەدات لە بەردەوامی پاشەکەوتی مووچە و لە جیاتی ئەوە پێشنیاز دەکات، کە بنەمای سیستەمی مووچەی فەرمانبەران رێکبخرێتەوە.
بانکی جیهانی وەک بەشێک لە نەخشەڕێگەی ئەنجامدانی چاکسازی لە ئابووریی هەرێمی کوردستان، پێشنیازی کردووە، موچەی کارمەندانی حکومی بەپێی بازاڕی کاری هەرێمی کوردستان و بەراورد بە کەرتی تایبەت بە چەشنێک رێکبخرێتەوە، کە هاوتەریب بێت لەگەڵ بنەماکانی بازاڕی کاردا لەڕووی رکابەریکردنەوە.
پێشنیازێکی دیکەی بانکی جیهانی ئەوەیە، دەبێت پلەکان و بڕی مووچەی فەرمانبەران رێکبخرێنەوە بۆ ئەوەی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران “دادوەرانە و هاوسەنگ” بێت، بۆ ئەو مەبەستەش نەخشەڕێگەیەکی کورتخایەن و مامناوەندی و درێژخایەنی پێشکەش کردووە.
زاگرۆس فەتاح، بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی پلاندانان بە (رووداو)ی راگەیاندووە، ئامانجی سەرەکی بانکی جیهانی لە نەخشەڕێگەکەی ئەوەیە کە پێشنیاز دەکات ژمارەی کارمەندانی حکومی زۆر بەرزە و دەبێت لە پرۆسەیەکی لەسەرخۆدا کەمبکرێنەوە.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پلاندانان ئاشکراشی کرد، بانکی جیهانی پێیوایە دەبێت ئەو پارەیە لە کەمکردنەوەی کارمەندانی حکومی دەگەڕێتەوە بۆ گەنجینەی حکومەت، لە بەهێزکردنی کەرتی تایبەتدا خەرجبکرێت بۆ ئەوەی کەرتی تایبەت بتوانێت ئەو کارمەندانە کە کەمدەکرێنەوە، وەربگرێت.