نوچەنێت
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بۆ ئێمە ئێستا کاری هەرە لەپێش گشتپرسی و دۆزینەوەی شێوازێکی دیکەی پەیوەندییە لەگەڵ بەغدا و جەختیش دەکاتەوە، لەو باوەڕەدا نییە ئەمریکا و روسیا کورد پەراوێز بخەن.
لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ میدیای عەرەبی، بارزانی رایگەیاند “دەنگدان لە نێوەوەی هەرێمی کوردستان لەسەر کاغەز دەبێت، بەڵام بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان کۆمیسیۆن هەوڵدەدات شێوازێکی گونجاو بۆ دەنگدان بدۆزێتەوە”.
بارزانی لە وەڵامی ئەو پرسیارەی، کە چۆن هەولێر و بەغدا کێشەکانیان چارەسەردەکەن دەڵێت “بۆ ئێمە ئێستا کاری هەرە لەپێش گشتپرسی و دۆزینەوەی شێوازێکی دیکەی پەیوەندییە لەگەڵ بەغدا. بەدڵنیاییەوە لەدوای گشتپرسیش دۆسیەی نەوت، یەکێک دەبێ لەو دۆسیانەی لەگەڵ بەغدا دانوستاندنی لەسەر دەکەین”.
بارزانی سەبارەت بە ئەگەری رێککەوتنی ئەمریکا و روسیاش لەسەر حیسابی کوردستان، دەڵێت “گەلی کوردستان لە سەت ساڵی رابردوودا قوربانی گەورەی دا بۆ پاراستن و مانەوەی خۆی. ئێستاش کوردستان بەهێزترە، توانیویەتی شکست بە تیرۆر بهێنێ و بە قوربانییەکانی داکۆکی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە، بۆیە بڕواناکەین هیچ رێککەوتنێک هەبێ بۆ پەراوێزخستنمان”.