تایبه‌ت: نوچه‌نێت
ئه‌ندامێكی كورد له ئه‌نجومه‌نی نوینه‌رانی عێراق، رایدەگەیەنێت، به فشاری كورد بڕگه‌یه‌كی تایبه‌ت به شاری كه‌ركوك په‌سه‌ندنه‌كرا و دواخرا. ده‌شڵێت “یه‌كێتی پێچه‌وانه‌ی لایه‌نه كوردییه‌كانی تر پشتگیری برگه‌یه‌كی دیكه‌ی ده‌كرد، كه به‌رژه‌وه‌ندی كوتله گه‌وره‌كان بوو”.
له په‌رله‌مانی عێراق له‌سه‌ر یاسای هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكانی عێراق مشتومڕی توند له‌سه‌ر پارێزگای كه‌ركوك هه‌یه، چونكه توركمان به پشتیوانی لایه‌نه شیعی و سوننه‌كان داوای پێدانی یاسای تایبه‌ت ده‌كات به پارێزگای كه‌ركوك، به‌ڵام كورد به ته‌واوی لایه‌نه‌كانیه‌وه دژی پێدانی بارودۆخی تایبه‌ته به شاری كه‌ركوك و داوا ده‌كه‌ن هه‌ڵبژاردن له كه‌ركوك به هه‌مان شێوه‌ی پارێزگاكانی دیكه‌ی عێراق بێت، یاسای تایبه‌ت به كه‌ركوك ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه.
له لیدوانێكی تایبه‌ت به نوچه‌نێت، د.ئه‌مین به‌كر، په‌رله‌مانتاری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، سه‌باره‌ت به په‌سه‌ندكردنی بڕگه‌كانی یاسای ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان، برگه‌كانی تایبه‌ت به پارێزگای كه‌ركوك رایگه‌یاند: لایه‌نه كوردستانییه‌كان نه‌مانتوانی به ته‌واوی خواستی كورد بۆ پارێزگای كه‌ركوك مسۆگه‌ر بكه‌ین، چونكه جیاوازیمان هه‌بوو له په‌سه‌ندكردنی چه‌ند برگه‌یه‌كی پرۆژه یاساكه.
سه‌باره‌ت به ناوه‌ڕۆكی ئه‌و بڕگانه‌ی، كه لایه‌نه كوردییه‌كان نه‌یانتوانی له‌سه‌ری هاوهه‌ڵوێست بن د.ئه‌مین به‌كر ده‌ڵێت، كوتله‌ی یه‌كێتی داوای رێژه‌ی 1.9ی سیسته‌می سانتلیگۆی ده‌كرد، چونكه یه‌كێتی پێیوابوو حزبه‌كه‌ی له كه‌ركوك كوتله‌ی گه‌وره‌یه، به‌و رێژه‌یه زۆرینه‌ی كورسییه‌كانی شاری كه‌ركوك ده‌بات، به‌ڵام لایه‌نه كوردییه‌كانی تر له‌گه‌ڵ رێژه‌ی 1.7 بوون له سیسته‌می سانتلیگۆ، چونكه پێیان وابوو ئه‌مه دیموكراسی تره و لایه‌نه بچوكه‌كانیش ده‌توانن كورسی پێویست به ده‌ستبێنن.
د.ئه‌مین به‌كر ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، هه‌ر له دانیشتنه‌كه‌ی ئه‌مڕۆدا لایه‌نه كوردییه‌كان به تێكڕا دژی برگه‌یه‌كی یاسای ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان وه‌ستانه‌وه و بایكۆتی دانیشته‌كه‌یان كرد، كه ئه‌ویش بریتی‌بوو له هه‌ڵپه‌ساردنی كاری ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان و پێدانی ده‌سه‌ڵاته‌كانیان به حكومه‌تی فیدراڵی هه‌تا ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو، چونكه ئه‌مه دژی بنه‌مای فیدراڵییه و له به‌ژه‌وه‌ندی كورد نییه، بۆیه بڕگه‌كه په‌سه‌ندنه‌كرا و دواخرا.