نەوزاد علی چوچانی
ئەندام پەرلەمانێکی پارتی رایدەگەیەنێت، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هیچ کێشەیەکی یاسای نییە، دەتوانێت بەردەوام بێت لەکارەکانی خۆی و دەشڵێت “حزبەکەی ئامادەیە گفتوگۆ بکات لەسەر یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان”.
پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، لەسەر پرسی سەرۆکایەتی هەرێم و چۆنیەتی کاراکردنەوەی پەرلەمان رای جیاوازیان هەیە، تاکو ئێستاش نەگەیشتونەتە رێککەوتنێك بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو پرسە، لەماوەی رابردوویشدا، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوای لە لایەنەکان کرد، کە بگەنە رێککەوتنێك بۆکاراکردنەوەی پەرلەمان و کەسێکیش دیاریبکەن بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم و ئامادەی خۆشی راگەیاند بۆ وازهێنان لەو پۆستە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، مەردان خدر، ئەندام پەرلەمانی کوردستان لەفراکسیۆنی پارتی، لەبارەی هەموار کردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:هەر پڕۆژە یاسایەك لەپەرلەمانی کوردستان دەربچێت، دەبێت سەرۆکی هەرێم واژۆی لەسەربکات، ئەوکاتە دەبێتە یاسا، بۆیە هەرموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمیش بەبێ واژۆی سەرکی هەرێم نابێتە یاسا و تەنها وەکو پڕۆژە دەبێت.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی سەبارەت بەو بۆچونەی کەدەگوترێت سەرۆکی هەرێم ناتوانێت لەپۆستەکەی بەردەوام بێت دەڵێت”بەپشت بەستن بەرای ئەنجومەنی شورا، لەکاتی کۆتایی هاتنی ماوەی سەرۆکایەتی هەرێم و نەبوونی ئیمکانیەت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ هەرێمی کوردستان، سەرۆکی هەرێم دەتوانێت بەردەوام بێت لەکارەکانی خۆی”.
بەگوتەی مەردان خدر، پارتی ئامادەیە لەسەر مێزی دانوستان گفتوگۆ بکات لەسەر یاسای سەرۆکایەتی هەرێم و چارە سەرکردنی سەرجەم کێشەکان و دەڵێت”ئێمە پێمان وایە سەرۆکی هەرێم هیچ کێشەیەکی یاسای نییە و دەتوانێت بەردەوام بێت، ئەگەر گۆڕان و لایەنەکانی دیکە پێیانوایە مانەوەی سەرۆکی هەرێم لەپۆستەکەی یاسایی نییە، بابێن گفتوگۆبکەین و بگەینە رێگەچارەیەكی گونجاو بۆچارەسەرکردنی”.
لەلایەکی دیکەوە، قارەمان قادر، ئەندام پەرلەمانی کوردستان لەفراکسیۆنی گۆڕان، لەسەر پرسی سەرۆکایەتی هەرێم بەنوچەنێت-ی گوت “تاکە دەرچەی یاسایی بۆچارەسەر کردنی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم ئەوەیە، کە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم بکرێت، بەڵام ئەگەر لایەنەکان رێکبکەون بۆ چارەسەرکردنی پرسی سەرۆکایەتی هەرێم، دەکرێت دەسەڵاتەکان چارەسەربکرێن و سەقفێکی زەمەنی بۆ دابنرێت، کە دەسەڵاتی واژۆکردنی ئەوبڕیار و یاسایانەی دەدرێت، بگەڕێتەوە بۆ سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان”.
قارەمان قادر جگەلەو رێگایەی، کە دەسەڵاتی واژۆکردن بدرێتەوە بەسەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، باس لەرێگایەکی تر دەکات بۆ چارەسەرکردنی پرسی سەرۆکایەتی هەرێم و دەڵێت “دەتوانرێت دەسەڵاتی واژۆکردنی ئەوبڕیار و یاسایانەی دەدرێت، بەهاوبەش بدرێت بە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، بۆیە پەرلەمان لەکاتی ئاساییکردنەوەیشی ناتوانێت، یاسادەربکات تاوەکو پرسی سەرۆکایەتی هەرێم چارەسەر نەکرێت”.