سەعدی پیرە: دوو رۆژی دیکە شاندی هەرێم دەچێتە بەغدا

0

نوچەنێت
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی رایدەگەیەنێت، ئەو شاندە دەستنیشان دەکرێت، کە لە دوو رۆژی داهاتوودا دەچێتە بەغدا.دەشڵێت “ئێستا کۆمەڵێک حەبەربەش پەیدابوون دەڵێن شەقامەکان و سنوورەکان دەگیرێن، خەڵکیش وردە وردە ماددە خۆراکییەکان خەزن دەکەن، ئەمە درۆیە”.

ئەمڕۆ دووشەممە 7-8-2017، لەمیانی بەڕێوەچوونی پانێڵێک لەبارەی پرسی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی باشووری کوردستان لە ئاکرێ، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، رایگەیاند “زۆرجار راگەیاندنەکانی ئێمە بە هەڵە هەڵوێستی وڵاتان لەبارەی گشتپرسی وەردەگێڕن و، دەڵێن ئەمریکا و فڵان وڵات  دژی ئەو پرۆسیەن. نەخێر، کەس نەیگوتووە دژم، بەڵکو دەڵێن تێبینیمان هەیە، تێبینیش دژایەتی نییە”.

سەعدی پیرە، نموونەی لە جیابوونەوەی وڵاتان دەهێنێتەوە و دەڵێت “هەموو ئەوروپا، ئەمریکا و وڵاتانی دەوروبەر دژی پارچەپارچەبوونی یوگسلافیا بوون، هەمیشە باسی یەکێتی خاکی یوگسلافیایان دەکرد، بەڵام کاتێک کرواتیا لە یوگسلافیا جیابووەوە، یەکەمین وڵات، کە باڵیۆزی نارد ئەمریکا بوو، لە چیک و چەندین وڵاتێکی دیکەش هەر وابووە”.

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەشڵێت، ئەو هۆشداری و تێبینییەی وڵاتان لەبارەی گشتپرسی و ئەنجامدانی پرۆسەیەکی لەمجۆرە بە ئاسایی دەبینێت و دەڵێ “ژن منداڵی ببێت بێگومان ئازاری هەیە، پرۆژەیەکی لەو قەبارەیە هیچ گومانی تێدا نییە بێ ئازار و کێشە بێت، بەڵام کێشەکە گەورەترە ئەگەر بەژێردەستی بمێنینەوە، هاوکات زەرەری زیاتریش دەکەین، بۆیە پێویستە باشتر بیربکەینەوە”.

سەعدی پیرە گوتی “ئێستا کۆمەڵێک حەبەربەش پەیدابوون دەڵێن شەقامەکان و سنوورەکان دەگیرێن، خەڵکیش وردە وردە ماددە خۆراکییەکان خەزن دەکەن، ئەمە درۆیە. کەی کورد گوتوویەتی من بە هێز و بەو هێزە سەربازییەی هەمە سەربەخۆیی دەسەپێنم؟ بەڵکو کورد دەیەوێت لەرێگەی دیالۆگەوە سەربەخۆیی رابگەیێنێت، دیالۆگ بۆ دەبێتە هۆکاری سنوور داخستن و برسیکردن؟”.

پیرە هەروەها ئاماژەی بەوەدا، کە “بڕیارە ئەمڕۆ کاژێر 03:00 کۆببینەوە. لە کۆبوونەوەکەدا ئەو شاندەی دەچێتە بەغدا دیاری دەکرێت و لەو یەک، دوو رۆژەشدا دەچێتە بەغدا بۆ گفتوگۆکردن، پێشموایە ئەو قسەیەی لەگەڵ بە‌غدا دەکرێت، ئەوە قسەی حیسابی و ئەساسییە، ئێمە و بەغدا بە پلەی یەکەم، پاشان ئێمە و دراوسێیەکان تورکیا و ئێران، ئەوانیش بە حوکمی جیۆپۆلۆتیکی ناوچەکە ئەو مافەیان هەیە، پاشانیش کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی هەموویان دڵنیابکەینەوە، لەوەی کورد سەرەتایەک دانانێت بۆ تێکدانی ئەمن و ئاسایش و سەقامگیری و سیستەمی سیاسی لە ناوچەکە، بە پێچەوانەوە کورد هەرگیز بیری لەوە نەکردووەتەوە ببێتە پارامەترێک لە تێکدانی ئەمن و ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە، بەڵکو مافی چارەی خۆنووسین، واتە سەقامگیری، رازیبوون، دڵنیایی دان و پێکەوەژیان بە ئارەزوومەندانە نەوەکو بە ناچاری”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com