پەرلەمانتارێک: پڕۆژەی کاراکردنەوەی پەرلەمان بە تەنها هی پارتی نابێت

0

نوچەنێت: تایبەت

ئەندام پەرلەمانێکی پارتی رایدەگەیەنێت، پڕۆژەی داهاتوو بۆکاراکردنەوەی پەرلەمان بەتەنها هی پارتی نابێت و دەشڵێت “هەر سیناریۆیەك هەبێت، بەگفتوگۆ و رێککەوتنی لایەنەکان دەبێت”.

رۆژی یەکشەممە 30 ـ7ـ2017، ئەنجومەنی باڵای گشپرسی بەسەرپەرشتی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پیرمام كۆبووەوە، (جگە لە گۆڕان و کۆمەڵ) نوێنەری سەرجەم لایەنەکان و نوێنەری پارتە سیاسی و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان بەشداربوون، لە کۆبوونەوەکەدا سێ بڕیار دران و یەكێك لەوبڕیارانەش ئەوەبوو، کە لەماوەی دوو هەفتەدا پەرلەمان دەستبەکار ببێت، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و پشتیوانی لە گشپرسی، بۆ ئەو مەبەستەش، پارتی داوای لەگۆڕان کردووە بۆ گفتوگۆ و چارەسەرکردنی کێشەکانیان، بەڵام تائێستا گۆڕان وەڵامی فەرمی پارتی نەداوەتەوە. 

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، مەردان خدر، ئەندام پەرلەمانی کوردستان، لە فراکسیۆنی پارتی، سەبارەت بە ئەگەری نەهاتنە پێشەوەی بزووتنەوەی گۆڕان بۆکاراکردنەوەی پەرلەمان رایگەیاند: ئەگەر گۆڕان ئامادە نەبێت، بۆکاراکردنەوەی پەرلەمان لەگەڵ پارتی و لایەنەکانی دیکە، ئەوکات بە تەنها بەرپرسیاریەتیەکە ناکەوێتە سەرشانی پارتی، بەڵکو دەکەوێتە سەر شانی ئەو لایەنانەی لەپەرلەمانی کوردستانن و نوێنەریان لە ئەنجومەنی باڵای گشتپرسی هەیە، چونکە لەسەر پێشنیاری هەموو لایەنەکانی بەشداربووی کۆبوونەوەکە و بە بڕیاری ئەوان، پارتی هەموو مەرجەکانی خۆی لاداوە.

لە ئەگەری نەهاتنە پێشەوەی گۆڕان بۆکاراکردنەوەی پەرلەمان بێ مەرج، مەردان خدر ئاشکرای کرد “پڕۆژەی داهاتوو بۆکاراکردنەوەی پەرلەمان بەتەنها هی پارتی نابێت و هەر پڕۆژەیەکیش هەبێت، بە گفتوگۆ و رێککەوتنی لایەنەکان دەبێت”.   

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی جەختی لەوەش کردەوە، کە حزبەکەی دەیەوێت بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی و هەموو لایەنەکانی دیکە پێکەوە بەشداربن لەکاراکردنەوەی پەرلەمان، چارەسەرکردنی کێشەسیاسیەکان و باشکردنی بژێوی خەڵکی کوردستان.

مەردان خدر ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەگەر هەموو لایەنەکان نەگەنە رێککەوتنێکی یەکلاکەرەوە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان، بەهەر شێوەیەك بێت، پێویستە زۆرینەیەك لەناو پەرلەمانی کوردستان دروستبکرێت، بۆکاراکردنەوەی، چونکە هیچ رێکە چارەیەکی دیکەمان نییە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com