هێمن هەورامی: پابەندین بەبڕیاری سەرۆک و پەیوەندیمان لەگەڵ حکومەتی هیچ وڵاتێک نییە

0

هێمن هەورامی: پابەندین بەبڕیاری سەرۆک و پەیوەندیمان لەگەڵ حکومەتی هیچ وڵاتێک نییە
نوچەنێت
بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی، بۆ نوچەنێت رایدەگەیەنێت، پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی، لەدەرەوەی بڕیاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان نییە، بۆ نەهێشتنی پەیوەندی حزبە سیاسیەکان بەحکومەتەکانی دەرەوەو تەئکید لەوە دەکاتەوە، کە ئەوان تەنها پەیوەندی حزبیان هەیە لەگەڵ حزبەکانی وڵاتانی دەرەوە.
لەدوای کۆنگرەی ١٣ی پارتی یەوە، مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەو حزبە، بەشێوەیەکی چالاک سەرقاڵی درورستکردن و پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتییە، ئەویش لەکاتێکدا کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەچەندین بۆنەدا تەئکیدی لەوە کردۆتەوە کە نابێ حزبەکوردییەکان پەیوەندییان بەوڵاتانی دەرەوە هەبێت و دەبێت ئەو پەیوەندییانە لەڕێگای حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بکرێت.
هێمن هەورامی ئەندامی سەرکردایەتی پارتی و بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی، رەتی دەکاتەوە، کە ئەوان پێچەوانەی بڕیاری سەرۆکی هەرێم کاریان کردبێت و بۆ نوچەنێت دەڵێت”ئێمە ئێستاش پابەندین بە بریاری جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کە نابێت حزبە سیاسیەکان پەیوەندیان لەگەڵ حکومەتەکاندا هەبێت، ئەوەی ئێمە لە پەیوەندییەکانی دەرەوە کردومانە ، پەیوەندی حزبین، بەشدار بوونە لە کۆنفرانس و کۆنگرە حزبیەکانی ئەو پارتە سیاسیانەی کە بانگهێشتی پارتی دەکەن، یان ئێمە بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندیەکان بانگهێشتیان دەکەین”.
ئەگەرچی لەسەردانەکانیان بۆ دەرەوە، پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی، لەگەڵ سەرۆک پەڕلەمان و وەزیرانی ئەو وڵاتانەی سەردانی دەکەن، دانیشتنیان کردووە، بەڵام هێمن هەورامی ئەوەش بە پەیوەندی حزبی نادەبات و رایدەگەیەنێت”لەچوارچێوەی کۆنگرەکان ئێمە چاومان کەوتووە بە سەرۆکی پەڕلەمان و بەرپرسانی ئیداری ئەو حزبە سیاسیانەی کە لەدەسەڵاتن، ئەمەش لەرێگای پەیوەندی حزبییە، بۆ نمونە لە دوای کۆنگرە پارتی سۆسیال دیموکراتی فینلاند، ئێمە لەگەڵ سەرۆکی پەڕلەمان کۆبونەوەیەکی تایبەتمان هەبوو، چونکە سەرۆکی پەڕلەمانی فینلەندا ئەندامی کۆنگرە بوو، بۆخۆی کادرێکی باڵای پارتی سۆسیال دیموکراتی فینلەندایە، لەگەڵ شاندە بەشداربووەکانی پارتەکانی دەرەوەی فینلاند، نیوەرۆ خوانێکمان بۆ رێکخرا، لەگەڵ وەزیری دەرەوە، چونکە خودی وەزیری دەرەوە، ئەندامی پارتی سۆسیال دیموکراتە و پێشتریش سەرۆکی ئەو پارتە بووە”.
هەورامی لە لێدوانەکەیدا بۆ نوچەنێت، تەئکید لەوە دەکاتەوە، کە ئەوان کاری نوێنەرایەتی حکومەت ناکەن و رایدەگەنێت”هەرکات پەیوەندیەکان بە ئاراستەی پەیوەندی رەسمی حکومی چوبن و داوایان کردبێت شاندی حکومەت بنێرن، یان پێشوازی بکەن ئەوکات ئێمە لەرێگای حکومەتی هەرێمەوە کار ئاسانیمان بۆ کردوون”.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com