تایبه‌ت: نوچه‌نێت
په‌رله‌مانتارێكی یه‌كگرتووی ئیسلامی له په‌رله‌مانی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، ئاگاداری درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مان نین، ده‌شڵێت “هیوادارین پارتی و گۆڕان پێكه‌وه بگه‌نه رێككه‌وتن”.
له چه‌ند رۆژی رابردوودا، “محەمەدی حاجی مه‌حمود”، سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانی رایگه‌یاند، ده‌نگۆیه‌ك هه‌یه بۆ درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ، هیچ هه‌ڵبژاردنێك ئه‌نجام نه‌درێت، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌و ده‌نگۆیه له‌لایه‌ن هیچ فراكسیۆنێكی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه پشتڕاست نه‌كراوه‌ته‌وه.
له لێدوانێكی تایبه‌ت به نوچه‌نێت، به‌هزاد ده‌روێش، په‌رله‌مانتاری یه‌كگرتوو له په‌رله‌مانی كوردستان، له باره‌ی ده‌نگۆی دریژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مان بۆ دوو ساڵی دیكه رایگه‌یاند: وه‌ك فراكسیۆنی یه‌كگرتوو ئاگاداری درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مان نین بۆ دوو ساڵی دیكه، ئه‌وه‌مان له میدیاكان بیستووه. گوتی “تائێستا به فه‌رمی پیشنیاری له‌و شێوه‌یه‌مان نه‌هاتووه‌ته به‌رده‌ست”.
له‌باره‌ی كاراكرنه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان به‌بێ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی له ئه‌گه‌ری نه‌هاتنه پێشه‌وه‌ی ئه‌و دوو لایه‌نه، ئه‌و په‌رله‌مانتاره دەڵێت، یه‌كگرتوو له‌گه‌ڵ كۆده‌نگی نیشتمانییه بۆ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان، چونكه هه‌رێمی كوردستان ریفراندۆمی له پێشه و ئەم پرسە پێویستی به كۆده‌نگی نیشتمانییه.
به‌هزاد ده‌روێش گوتیشی، هیوادارین پارتی و گۆڕان له‌و كۆبوونه‌وه دوو قۆڵییه‌ی، كه بڕیاره ئەنجامی بدەن، بگه‌نه رێككه‌وتن و هه‌موومان پێكه‌وه به كۆده‌نگی به‌ره‌و ریفراندۆم بڕۆین و پرسه‌كه سه‌ربخه‌ین و به‌رگێكی یاسای له په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه پی بده‌ین.
به بڕوای ئەو پەرلەمانتارە، پێویسته پێش ئه‌نجامدانی ریفرندۆم بژێوی خه‌ڵك چاكبكرێت و پاشه‌كه‌وتی موچه نه‌هێڵدرێت، بۆ ئه‌وه‌ی بازار ببوژێته‌وه و خه‌ڵك به ئومیدێكی زیاتر و به گیرفانی پڕه‌وه به‌ره‌و ریفرندۆم بچێت.