نوچەنێت-گاردیان
رۆژنامەی گاردیان، ئەمڕۆ شەممە 5-8-2017 لە سەروتاری خۆیدا جەخت دەکاتەوە، ئەگەر چی رێککەوتنی ئەتۆمی لە گەڵ ئێران کارەسات نییە، بەڵام هەڵوەشاندنەوەی لە لایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە، کارەساتی بە دواوە دەبێت.
گاردیەن لە لە سەروتارەکەیدا دەنووسێت: لە کاتێکدا ئەمڕۆ شەممە رێوڕەسمی سوێندخواردنی حەسەن روحانی، وەک سەرۆککۆماری ئێران بەڕێوەدەچێت، فیدریکا مۆگرینی، بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا و جێگری سەرۆکوەزیرانی وڵاتانی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا، بەشداری ئەم ریوڕەسمە دەبن. ئەم ئاستە لە بەشداری نیشان دەدات، کە پەیوەندی رۆژئاوا بە ئێرانەوە بە تایبەتی لە خولی یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران، تا چ رادەیەک گەرم و گوڕ بووە.
گاردیان لە درێژەدا دەنووسێت، هەر چەند حەسەن روحانی توانی لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییانەی سەرۆککۆماری ئێران بە سەر رکابەرە کۆنەپارێزەکەیدا سەربکەوێ، بەڵام نەیارانی روحانی چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی سنوورەکانی ئەم وڵاتە، ریزیان بەستووە. هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، دەربارەی کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ئەتۆمی، لە ئێستادا گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر حەسەن روحانی.
بەپێی سەروتارەکەی ئەمڕۆی رۆژنامەی گاردیان، رێکخراوی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، کە چاودێری بە سەر رێککەوتنەکەدا دەکات رایگەیاندووە، کە ئێران پابەندی خاڵەکانی ئەم رێککەوتنە بوو، بەم حاڵەشەوە ترەمپ بەڵێنی داوە، کە گەورەترین دەستکەوتی ئیدارەی باراک ئۆباما، کە هەمان رێککەوتنە ئەتۆمیەکەی گەڵ ئێران بێت، لەبار ببات.
ترەمپ، تاکوو ئێستا دوو جار گەڵاڵەی درێژکردنەوەی هەڵپەساردنی گەمارۆکانی سەر ئێرانی بە نابەدڵی واژۆ کردووە، بەڵام هاوکات داوای لە راوێژکارانی کردووە، کە رێگەیەک بۆ هەڵوەشانەوەی رێککەوتنەکە بدۆزنەوە. دەگوترێ مانگی داهاتوو رەنگە ترەمپ پابەندنەبوونی ئێران بە رێککەوتنەکە رابگەیەنێ و بەم جۆرە بڕیاڕێکی چاوەڕواننەکراو دەربکات.
حەسەن روحانی بانگەشەی ئەوە دەکات، کە رێککەوتنی تەئۆمی دەبێتە هۆی گەشەسەندوویی و پێشکەوتنی وڵاتەکەی. دەشڵێت، ئابووری ئێران کەوتۆتەوە سەر رێڕەوی گەشەکردن، هەڵاوسان دابەزیوە و نرخی تمەن جێگیر بووە.
نوخبەکانی ئێران لە روویەکەوە سەرکەوتوو بوونە، ئەوان توانیوانە ناکۆکی و ململانێ ناوخۆییەکان کەم رەنگ نیشان بدەن. ئەمەش بەربەستێکە لە بەردەم ئەمریکا، تاکوو نەتوانێ بە ئاسانی رێککەوتنی ئەتۆمی هەڵبووەشێنێتەوە.
لە لایەنی دیکەوە، ئێران دەڵێت ئەمریکا بە رێگەی سەپاندنی گەمارۆکانی پەیوەست بە چالاکی موشەکی و پرسی مافەکانی مرۆڤ، رێککەوتنەکەی پێشێل کردووە. یەکێتی ئەوروپاش پاڵپشتی رێککەوتنەکە دەکات. هەر بەم ئاراستەیەش کۆمپانیای نەوتی توتاڵ، مانگی رابردوو رێککەوتنی گازی بە بەهای چەند ملیار دۆلار لە گەڵ تاران واژۆ کرد.
بە گوتەی گاردیان، ئەگەر چی هەڵبژاردنەکان لە ئێران بەپێی پێوەرەکانی هەڵبژاردنێکی ئازاد، ناکرێ بڵێی ئازاد و دیموکراتییە، بەڵام بە بەراورد لە گەل وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکا لە ناوچەکە، لانی کەمی رکابەرێتی تێدا دەبیندرێ. سەرباری ئەمەش، سەرۆکی ئەمریکا وەک کاردانەوەی بەرامبەر بە هەڵبژێرانەوەی روحانی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری، پشتیوانی خۆی بۆ سعودیە دووبارە کردەوە.
لە بەشێکی دیکەی سەروتارەکەی گاردیان هاتووە، دوژمنایەتی ئەمریکا لە گەڵ ئێران، بە پێچەوانەی ویستی خەڵکی ئەم وڵاتە، یارمەتی بەهێزبوونی باڵەکەی دیکەی کۆماری ئیسلامی دەکات، کە بە باڵی توندڕەو دەناسرێنەوە. تەنانەت جەیمز ماتیس، وەزیری بەرگری ئەمریکا، کە ئێران بە گەورەترین هەڕەشە لە دژی خۆی وەسفی دەکات، لە ریزی ئەو کەسانەدایە، کە خوازیاری مانەوە و بەردەوامی رێککەوتنەکەیە.
گاردیان جەخت دەکاتەوە، ئەگەر چی بە بۆچوونی ترەمپ، گرێدانی ئەم رێککەوتنە لە گەڵ ئێران کارەساتە، بەڵام سەرۆکی ئەمریکا لە هەڵەدایە، لە بەر ئەوەی هەڵوەشاندنەوەی کارەساتبارترە.