نوچەنێت
نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش رایدەگەیەنێت، کە پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی حەویجەدا بەشداردەبێت. دەشڵێت ” لە رەقە داعش لە 45% ی شارەکە دەرکراوە”.
برێت مەکگۆرک، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە واشنتۆن رایگەیاند، رێکس تیلەرسن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە تەلەفۆن لەگەڵ هەریەکە لە حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان قسەی کردووە، بابەتی گرتنەوەی حەویجە و بەشداریی هێزەکانیان تاوتوێکردووە و پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنەکە بەشداردەبێت.
مەکگۆرک هەر لە کۆنگرەکەدا گوتی، لەدوای سەرهەڵدانی داعش، هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا راهێنانیان بە 100 هەزار ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و 50 هەزار ئەندامی هێزەکانی سوریای دیموکرات کردووە.
مەکگۆرک سەبارەت بە رەوشی عێراق گوتی: ئۆپەراسیۆنی موسڵ تەواو بووە و کار لەسەر بنیاتنانەوەی شارەکە و گێڕانەوەی ئاوارەکان دەکرێت.
نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، لەبارەی شاری رەقە گوتی، 45%ی شارەکە کۆنتڕۆڵکراوەتەوە و نزیکەی 2 هەزار چەکداری داعشیش لە شارەکە ماون. ئەو هەروەها گوتی لە ئێستاوە پلانی رۆژی دوای گرتنەوەی رەقە دانراوە.