فراکسیۆنە کوردستانییەکان بایکۆتی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دەکەن

0

نوچەنێت: تایبەت

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، بەهۆی تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بریکاری بازرگانی و بەهەند وەرنەگرتنی رۆڵی کورد لەو پڕۆژ یاسایەدا، فراکسیۆنە کوردستانییەکان بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 3-8-2017، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پڕۆژەیاسای بریکاری بازرگانی خستە دەنگدانەوە و بەهۆی رازی نەبوونی فراکسیۆنە کوردییەکان لەسەر پڕۆژەیاساکە، هەروەها بۆ رێگریکردن لە تێپەڕاندنی، بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد، بەڵام بەزۆرینە پڕۆژە یاساکەیان تێپەراند، کەتایبەتە بە تۆمارکردنی ئەو کۆمپانیایانەی لە عێراق کاردەکەن.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، د. عەرەفات کەرەم، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سەبارەت بە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: بەهۆی تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بریکاری بازرگانی و بەهەند وەرنەگرتنی رۆڵی کورد لەو پڕۆژەیاسایە، سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد، چونکە ئەوان دەیانویست هەموو شتێك قۆرغ بکەن لە بەغدا و هەرێمی کوردستان هیچ دەسەڵاتێکی نەمێنێت.

د. عەرەفات کەرەم جەختیشی کردەوە و گوتی “پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکە، بەو شێوەیەی، کە بە زۆرینە تێیانپەڕاند، لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستاندا نییە و زوڵمێکی گەورەیە، کە لە هەرێمی کوردستان دەکرێت”.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەشڵێت “بە گوێرەی پڕۆژەیاساکە، دەبێت ئەو کۆمپانیایانەی لە هەر‌ێمی کوردستان کار دەکەن، ناویان لە بەغدا تۆمار بکرێت، هەر کۆمپانیایەكیش لە هەرێمی کوردستان ناوی تۆمار بکات، لەلایەن بەغداوە دانی پێدا نانرێت، بۆیە ئێمە رەتمانکردەوە”.

د. عەرەفات ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کە هەرچەندە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پێشنیاری کرد، کە نوێنەرایەتیان لە هەرێمی کوردستان هەبێت، بەڵام لەو پێشنیارەشدا بەڕێژەی داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان نییە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com