نوچەنێت
پارێزگاری کەرکوک رایدەگەیەنێت، هەر رێککەوتنێکی نەوتی و گفتوگۆکردنی لەبارەی بەرهەمهێنانی نەوت، بەبێ بەشداری ئیدارە و ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک سەرکەوتوو نابێت.
ئەمە دوای ئەوەدێت، رۆژی 30-7-2017، عێراق و ئێران بۆ هەناردەکردنی نەوتی کەرکوک لەسەر دروستکردنی لیژنەیەکی هاوبەش رێککەوتن. لەبارەی وەبەرهێنانی هاوبەشیش لە کێڵگەی نەوتی نەفتخانە لە دیالە گەیشتنە رێککەوتنی سەرەتایی.
رۆژی پێنجشەممە 3-8-2017، د. نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکوک لە راگەیەندراوێکدا راگەیاند: ئیدارەی کەرکوک پشتیوانی هەر هەنگاوێکی وەزارەتی نەوتی ئیتیحادی دەکات، لەوانەش پەرەپێدانی کێڵگە و بیرە نەوتییەکان و زیادکردنی تێکڕای بەرهەمهێنانی نەوت، بەڵام لە هەمانکاتدا هەر رێککەوتنێکی نەوتی و یاخود گفتوگۆکردنی دۆخی بەرهەمهێنانی نەوت، بەبێ بەشداری ئیدارەی پارێزگای کەرکوک و ئەنجومەنەکەی سەرکەوتوو نابێت، بەو پێیەی پێچەوانەی دەستوورە.