یەکێتی: رێککەوتن لەگەڵ گۆڕان بە تەواوی لە پارتی دوورماندەخاتەوە

0

نەوزاد عەلی چوچانی

ئەندام پەرلەمانێکی یەکێتی رایدەگەیەنێت، کە سیاسەتی حزبەکەی سیاسەتێکی حەکیمانە و هەمیشە دەیەوێت پارێزگاری لە خاڵە هاوبەشەکانی لەگەڵ پارتی و گۆڕان بکات و گوتیشی “یەکێتی بەرگەی ئەو هێرشە ناڕەوایانەش دەگرێت، کە دەکرێتە سەری و لە پشتی هۆکارەکانی ئەو هێرشانەش تێدەگەین”.

یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، لە رووی دەنگەوە بە 18 کورسی پەرلەمانی دەبێتە سێیەم هێز و بە پارێزگای کەرکوک و ناوچە دابڕینراوەکان، لە رووی دەنگەوە دەبێتە دووەم هێز لە دوای پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمەش لە کاتێکدایە، کە یەکێتی رێککەوتنێکی ستراتیژی لەگەڵ پارتی هەیە، هەرچەندە هەندێك بەرپرسی یەکێتی دەڵێن، رێککەوتنی ستراتیژی کۆتایی پێهاتووە، بەڵام تائێستا بە فەرمی لەلایەن یەکێتییەوە نییە، ئاماژە بەکۆتایی هاتنی رێککەوتنە ستراتیژییەکەیان بکات.

لەلایەکی دیکەوە یەکێتی رێککەوتنی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان هەیە، لەماوەی رابردوودا یەکێتی رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە بەهۆی ئەوەی، کە یەکێتی هەڵوێستی رووننەبووە لەکاتی یەکلایی کردنەوەی بڕیارە قورسەکاندا، بۆیە زۆربەی جارەکان رۆڵی نێوەندگیری گێراوە.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، د. رێواز فایەق، پەرلەمانتاری یەکێتی، لە پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بەوەی بۆچی حزبەکەی زۆرکات لەجیاتی رێککەوتن لەگەڵ لایەنێك، نێوەدندگیری هەڵدەبژێرێت، گوتی “سیاسەتی یەکێتی لە ئێستادا سیاسەتێکی حەکیمانەیە، چونکە هەندێك خاڵی هاوبەش و خاڵی ناکۆكمان لەگەڵ پارتی هەیە، بەهەمان شێوە لەگەڵ گۆڕانیش خاڵی هاوبەش و ناکۆكمان هەیە، بۆیە ناتوانین بە تەنها لەگەڵ لایەنێکیان رێکبکەوین لەبەر ئەو خاڵە هاوبەشانەی لەگەڵ هەردوو هێزەکەدا هەمانە”.

د. رێواز فایەق گوتیشی “یەکێتی حزبێکی کوردستانییە و بە تەنها حزبی سلێمانی نییە، نزیکەی 210 هەزار دەنگدەری لە هەولێر و دهۆک هەیە، بۆیە دەمانەوێت لە پێناو پاراستنی خاڵە هاوبەشەکانمان لەگەڵ هەردوو هێزە سیاسییەکە، هاوسەنگی پەیوەندییەکانی خۆمان رابگرین”.

ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کە رێککەوتنی حزبەکەی لەگەڵ گۆڕان و دروستکردنی دوو ئیداەرەیی بە تەواوەتی یان رێککەوتنێکی رەها لەگەڵی، کە بەتەواوی دامان بڕێت لەپارتی، واتە بەجێهێشتنی 200 هەزار دەنگدەر لە هەولێر و دهۆکدا و بێئەمەکبوونی یەکێتییە بەرامبەر دەنگدەرکانی، کە ئامادەن ئێستاش لە ژێر فشاری پارتیدا دەنگمان پێبدەن”.

د. رێواز فایەق لە پەراوێزی هەر رێککەوتنێکی یەکێتی لەگەڵ پارتی و بایەخنەدان بە گرینگی گۆڕان دەڵێت “ئاماژەیەکی زۆر گەورەی هەیە بۆ یەکێتی، لەبەر ئەوەی ئێمە لە رووی مێژوویی، دانیشتوان و ناوچەی جوگرافییەوە لەگەڵ گۆڕان تێهەڵکێشین”. دەشڵێت”رێکەوتنێکی رەهامان لەگەڵ پارتی و بەهەند وەرنەگرتنی، ئەو خاڵە هاوبەشانەی لە پڕۆژە و روئیامان بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دراوسێکان بۆ ئابووری و سیاسەت لەگەڵ گۆڕان، واتە پشتکردنە هەموو خاڵە هاوبەشەکان”.

پەرلەمانتارەکەی یەکێتی جەختی لەوەشکردەوە، کە ئەوان دەیانەوێت هەمیشە پارێزگاری لە خاڵە هاوبەشەکانیان بکەن لەگەڵ هەردوو هێزە سیاسییەکە، کە یەکێکیان لە هەولێر حکوم دەکات و ئەوەی دیکەیان جەماوەری لە سلێمانییە، بۆئەوەی هاوسەنگی پەیوەندییەکانی خۆمان رابگرن.

هەروەها پەیوەندی باشی نێوان پارتی و گۆڕان بۆ یەکێتی بە گرنگە دەزانێت، حزبەکەشی بەهۆکاری باشبوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو هێزە دەزانێت بەوەی، کە بۆ لەمەودوا گۆڕان و پارتی لەجیاتی دابڕانی یەکجارەکی، کە زیانی بۆ هەرێمی کوردستان هەیە، دەتوانن بەیەکەوە دابنیشن و گفتوگۆ بکەن.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com