نوچەنێت: تایبەت
ئەندام پەرلەمانێکی بزووتنەوەی گۆڕان رایدەگەنێت، ئەگەر پەرلەمانیش کارابکرێتەوە گۆڕان نوێنەر نانێرێت بۆ کۆمیتەی گشتپرسی و دەشڵێت “لەچەند رۆژی داهاتوودا بڕیاردەدەین بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان”.
رۆژی چوارشەممە 7-6-2017، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی باشوری کوردستان کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەش رۆژی 25-9-2017 یان بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی باشوری کوردستان راگەیاند. بۆئەومەبەستە کۆمیتەیەکی ریفراندم پێکهێنراکە 16 حزب و لایەنی سیاسی بەشداریان تێداکرد، ئەمەش لەکاتێکدایە کە بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی رەتیدەکەنەوە نوێنەر بنێرن بۆ ئەو کۆمیتەیە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، قارەمان قادر، پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان لەپەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بەشداری نەکردنی حزبەکەی لە کۆمیتەی گشتپرسی رایگەیاند: گشتپرسی هەرێم پرسێکی یاسایییە و دەبێت لەپەرلەمانی کوردستان یەکلایی بکرێتەوە و چارەسەر بکرێت، لەبەر ئەوەی تاوەکو ئێستا هیچ یاسایەکمان نییە بۆ گشتپرسی لە هەرێمی کوردستان.
قارەمان قادر گوتیشی “دوای کراکردنەوی پەرلەمانی کوردستان، پرسی گشتپرسی دەبەینە پەرلەمان و بە هێچ شێوەیەك بزووتنەوەی گۆڕان نوێنەری خۆی نانێرێت بۆ ئەنجومەنی باڵای گشتپرسی، چونکە پێمانوایە ئەنجومەنەکە شەرعیەتی یاسایی نییە و دەبێت هەڵبووەشێتەوە”.
سەبارەت بە دواهەمین قسەی گۆڕان بۆ کوبوونەوە لەگەڵ پارتی ئاشکرایکرد “لە چەند رۆژی داهاتوودا جڤاتی نیشتمانی گۆڕان کۆدەبێتەوە بۆ بڕیاردان لەسەر ئەوەی، کە ئایا خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان، لەگەڵ پارتی کۆببێتە یان نا”.