دوای زیاتر لە سێ ساڵ کارکردن، نەوشیروان مستەفا: کاتی ئەوە هاتووە هەڵبژاردنی ناوخۆی گۆڕان بکەین

0

دوای زیاتر لە سێ ساڵ کارکردن نەوشیروان مستەفا: کاتی ئەوە هاتووە هەڵبژاردنی ناوخۆی گۆڕان بکەین
نوچەنێت
دوای زیاتر لە سێ ساڵ کارکردن وەکو قەوارەیەکی رەسمی لە عێراق و کوردستان، نەوشیروان مستەفا، رێکخەری بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، کاتی ئەوە هاتووە، هەنگاو بنێین بۆ بەرەو ئەنجامدانی چەند قۆناغێکی هەڵبژاردنی ناوخۆی رێکخراوەی بزوتنەوەی گۆڕان.
سێ ساڵ لەمەو بەرو لە رۆژی ٢٨/٤/٢٠٠٩ بزوتنەوەی گۆڕان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، وەک قەوارەیەکی سیاسی فەرمی لە هەرێمی کوردستان خۆی ناساند..
دوای سێ ساڵ لەخۆ ناساندنی وەکو قەوارەیەکی سیاسی و دوای هەڵبژاردنی عێراق و کوردستان، ئەمرۆ نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، لە پەیامێکدا بۆ لایەنگرو هەڵسوڕاوانی گۆڕان رایگەیاند”ئیتر کاتی ئەوە هاتوە هەنگاو بنێین بەرەو ئەنجامدانی چەند قۆناغێکی هەڵبژاردنی ناوخۆی رێکخراوەیی. ئەمەش یەکەمین ئەزمونی هەڵبژاردنی رێکخراوەیی ناو بزوتنەوەی گۆڕانە”.
دوابەدوای پەیامەکەش رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ، بەمەبەستی گەیاندنی هەمان پەیامی بزوتنەوەکەی سەرپەرشتی کۆبونەوەی باژێڕوانەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی بزوتنەوەی گۆڕانی کرد.
لەو کۆبونەوەیەدا کە رێکخەران و ژمارەیەک لە ئەندامانی ژورەکانی هەڵبژاردن و کارگێڕی و دارایی و رۆژنامەوانی بزوتنەوەکە ئامادەبوون، نەوشیروان مستەفا راگەیاند”کە لە ماوەی سێ ساڵی رابردودا هەڵسوڕاوانی بزوتنەوی گۆڕان داهێنانی گەورەیان لە ژیانی سیاسی هەرێمی کوردستاندا پێشکەشکردووە، توانیویانە بەسەرکەوتویی دوو کەمپەینی هەڵبژاردن بەڕێ بکەن کە تیایدا سەدان هەزار هاوڵاتی متمانەیان بەخشێوەتە بزوتنەوەی گۆڕان، ئێستاش پاش ئەوەی زۆربەی هەڵسوڕاوەکان لە شارو قەزاو ناحیەو گوندەکان، تا رادەیەکی باش یەکتر دەناسن کاتی ئەوە هاتووە بزوتنەوەی گۆڕان یەکەمین هەنگاو بەرەو خۆڕێکخستنی دیموکراتیانەی بنکەی رێکخستنی خۆی بنێ، کە خۆی لە هەڵبژاردنی دەستەی بەڕێوەبردنی ئەنجومەنی بازنەکاندا دەبینێتەوە لە سنوری پارێزگای سلێمانی وەک هەنگاوی یەکەم کە زنجیرەیەک هەنگاوی تری بەدوادا دێت لەسەر ئاستی پارێزگاکانی تری کوردستان”.
دەقی پەیامەکەی نەوشیروان مستەفا

هاوڕێیان!
هەڵسوڕاوانی بەڕێزی بزوتنەوەی گۆڕان!
پاش ئەوەی پێکەوە دو هەڵبژاردنی گشتیمان بە سەرکەوتویی تێپەڕاند و زۆربەی دەزگا و دامەزراوەکانی بزوتنەوەی گۆڕانمان لە کوردستان و هەندەران پێکهێنا.
پاش ئەوەی بەشی زۆری هەڵسوڕاوەکان، بە تایبەتی لە ناو شارو قەزاو و ناحیە و گوندەکان، تا ئەندازەیەکی باش یەکتری ئەناسن…
ئیتر کاتی ئەوە هاتوە هەنگاو بنێین بەرەو ئەنجامدانی چەند قۆناغێکی هەڵبژاردنی ناوخۆی رێکخراوەیی. ئەمەش یەکەمین ئەزمونی هەڵبژاردنی رێکخراوەیی ناو بزوتنەوەی گۆڕانە.
داواکارم هەموتان پابەند بن بە رێنماییە پەیوەندیدارەکانی پرۆسەی هەڵبژاردنەکەوە.
بە هیوای سەرکەتن و ئەنجامی باش.
هاوڕێتان
نەوشیروان مستەفا
رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان
حوزەیرانی ٢٠١٢

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com