نوچه‌نێت- مۆنیته‌ر
حه‌مزه، كوڕی ئوسامه بن لادن، سه‌رۆكی رێكخراوی قاعیده، چه‌ند په‌یامێكی بڵاو كردوه‌ته‌وه و خێزانی حاكمی سعودیه‌ی كردووه‌ته ئامانج.
ده‌گوترێت ئه‌و گه‌نجه 22 ساڵه، خۆی ئاماده ده‌كات بۆ رابه‌رایه‌تی كردنی رێكخراوێكی تیرۆرستی نوێ، وه‌ك هه‌وڵێك بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی تۆڵه‌ی باوكی.
مۆنیته‌ر ئاماژه بۆئه‌وه ده‌كات، كه یه‌كه‌مین په‌یامی ڤیدیۆیی حه‌مزه، له‌ساڵی رابردوودا بوو، كه ته‌نها بانگه‌شه‌ی بۆ هێرشه تیرۆرستییه‌كان ده‌كرد، هه‌روه‌ها داوای راپه‌ڕینی ده‌ركرد له شانشینی سعودیه.
حه‌مزه گوتی، شا عه‌بدولعه‌زیز ئال سعودی، دامه‌زرێنه‌ری سیخوڕی به‌ریتانیا بووه. ده‌شڵێت، سعودیه‌كان خیانه‌تیان له ئیسلام كردووه، له رێگه‌ی كاركردنیان له‌گه‌ڵ خاچپه‌رسته‌كان له دژی خه‌لافه‌تی عوسمانی.
حه‌مزه كه‌سایه‌تییه‌كی دیاری گرته ڤیدیۆییه ریكلامیه‌كانی رێكخراوی قاعیده‌یه، ته‌نانه‌ت ئه‌و كاتانه‌ی، كه منداڵێكی بچو‌وكیش بووه.
له ساڵی 2015 له گرته‌یه‌كی ڤیدیۆییدا ده‌ركه‌وتووه، كه داوای ئه‌نجامدانی هێرشی تیرۆرستی ده‌كات، له له‌نده‌ن و واشنتۆن و پاریس.
له مانگی كانوونی دووه‌مدا ناوی حه‌مزه خرایه لیستی تیرۆری وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكاوه، ناوی “تیرۆرستی جیهانی” پێدرا، ئه‌مه هه‌مان ناو و پۆلێنه، كه به ئوسامه بن لادنی باوكی درابوو.
سیخوڕێكی پێشووی نوسینگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی فیدرالی “ئێف بی ئای” كه نامه‌كانی حه‌مزه‌ی خوێندوه‌ته‌وه، ده‌ڵێت “پێده‌چێت پاڵنه‌ری به‌هێزی هه‌بێت و ئاماده‌یه بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی تۆڵه‌ی باوكی”.
ئاژانسی هه‌واڵی سی بی ئێس، گواستوویه‌تیه‌وه و ده‌ڵێت، كوڕه‌كه‌ی بن لادن بۆ رابه‌رایه‌تی كردنی رێكخراوێكی تیرۆرستی هه‌ڵبژێردراوه، هه‌ر وه‌ك ئه‌و گه‌نجه بچووكه به گه‌لی ئه‌مریكای گوت “ئێمه دێین و تۆڵه‌ی ئه‌وه‌تان لێ وه‌رده‌گرینه‌وه، كه به باوكمتان كرد. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی، كه به عێراق و ئه‌فغانستانتان كرد”.
ئه‌و رۆژنامه به‌ریتانییه روونیكردووه‌ته‌وه، كه حه‌مزه بن لادن، ئێستا رابه‌رایه‌تی پرۆسه‌ی “ژیانه‌وه”ی قاعیده ده‌كات، لاوازبوونی رێكخراوی داعشی له عێراق و سوریا به هه‌ل وه‌رگرتووه.
كۆلین كلارك، زانای سیاسی و ئه‌ندامی ناوه‌ندی نێوده‌وڵه‌تی بۆ رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی تیرۆر، ده‌ڵێت “ئه‌مه هه‌مووی په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌یه، كه ئایا كێ رابه‌ری شه‌رعی جیهانی ئیسلامی سوننه ده‌كات”.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت “قاعیده ده‌ڵێت بۆ چه‌ندین ده‌یه سعودیه بوكه‌ڵه‌ی ده‌ستی به‌ریتانیا بووه، به‌و پێیه سیستەمه‌كه‌ی له دین هه‌ڵگه‌ڕاوه‌یه و نوێنه‌رایه‌تی موسوڵمانان ناكات”.
حه‌مزه هه‌مان ئه‌و زاراوه و رستانه به‌كارده‌هێنێت، كه باوكی به‌كاری ده‌هێنا.
ئوسامه‌بن لادن له 2ی مایسی ساڵی 2011، له ئابوت ئابادی پاكستان، له‌لایه‌ن تیمێكی ده‌ریاوانی ئه‌مریكی كوژرا، دوای كوژرانی ده‌یان نامه‌ی ئاشكرا بوون، كه بۆ خێزان و ئه‌ندامانی رێكخراوی قاعیده‌ی نوسیبوون.
گه‌وره به‌رپرسانی هه‌واڵگری باس له‌وه ده‌كه‌ن كه‌بن لادن ئاماده‌سازی كردوه بۆ ئه‌وه‌ی كوڕه‌كه‌ی گروپێكی تیرۆرستی به‌رێوه ببات، له یه‌كێك له نامه‌كاندا داوا له حه‌مزه‌ی كوڕی ده‌كات به‌دوای هه‌نگاوه‌كانی ئه‌ودا بێت.