نوچەنێت
کۆمپانیای دانا گاز لە راگەیەندراوێکدا رایدەگەیەنێت، کەیسێکی یاساییان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بردووەتەوە و دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بڕی 14 ملیۆن دۆلار کۆمپانیاکە و هاوبەشەکانی قەرەبوو بکاتەوە.
تائێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەندین راگەیەندراوی لەبارەی سکاڵاکانی دانا گاز دەرکردوون و دەڵێت، بڕیاری دادگا بڕیاری کۆتایی نییە، بۆ ئەم راگەیەندراوە نوێیەی کۆمپانیای دانا گاز هیچ وەڵامێکی بڵاونەکردووەتەوە.
داناگاز لە راگەیێندراوەکەێکدا روونیکردووەتەوە، جگە لە قەرەبووەکە، دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێژەی 2% سوودی ئەو پارەیەیان پێبدات کە پەیوەستە بە پێنەدانی حەقدەستی کۆمپانیاکە لەبری بەرهەمهێنانی گازی شل.
دانا گاز و هاوبەشەکانی ساڵی 2013 لە دادگای نێوبژیوانی نێودەوڵەتی لە لەندەن یەکەم سکاڵایان دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمارکرد.
دانا گاز و هاوبەشەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەوە تۆمەتبار دەکەن کە رێگەی نەداوە ئەو کۆمپانیانە مافە یاساییەکانیان بەپێی گرێبەستەکەیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بەکاربهێنن.
لە راگەیێندراوەکەی کۆمپانیای داناگاز ئاماژە بەوە کراوە، دادگا بڕیاری داوە حکومەتی هەرێمی کوردستان 85%ی تێچووی ئەو کەیسە یاساییە لە دادگا تاوەکو رێککەوتی 27-11-2015 ببژێرێت.