تاڵەبانی: بەغدا ناتوانێ رێککەوتنی هەناردەی نەوتی کەرکوک لە گەڵ ئێران جێبەجێ بکات

0

نوچەنێت
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک رایدەگەیەنێت، بەغدا بەبێ هاوئاهەنگی و رێککەوتن لەگەڵ ئیدارە و ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، ناتوانێ ئەو رێککەوتنە، کە لەگەڵ ئێران بۆ هەناردەکردنی نەوتی کەرکوک جێبەجێ بکات.

عێراق و ئێران بۆ هەناردەکردنی نەوتی کەرکوک لەسەر دروستکردنی لیژنەیەکی هاوبەش رێککەوتوون، ئەوەش دوای سەردانی وەزیری نەوتی عێراق بۆ ئێران. وەزارەتی نەوتی عێراق لەزاری، عەبدولجەبار جەبار لعێبی، وەزیری نەوتەوە بڵاوی کردەوە، لەگەڵ ئێران لەسەر دروستکردنی لیژنەی هاوبەش بۆ لێکۆڵینەوە لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی خاوی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک بۆ پاڵاوگەکانی ئێران رێککەوتوون، ئەوەش لەڕێگەی ئەو تۆڕە بۆرییەی بۆ ئەو مەبەستە دروستدەکرێت.

رێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، لەبارەی ئاگادارکردنەوەی ئیدارە و ئەنجومەنی پارێزگاکە، بۆ ئەو رێککەوتنەی بەغدا و تاران بۆ هەناردەکردنی نەوتی کەرکوک واژۆیان کردووە، بە (رووداو)ی رایگەیاند “بەغدا بەردەوام ئەم جۆرە رێککەوتنانە دەکات بەبێ ئاگادارکردنەوەی ئەو پارێزگایەی نەوتی لێ بەرهەمدەهێندرێت، کە ئەوەش پێچەوانەی ماددە 112ی دەستوورە”.

رێبوار تاڵەبانی گوتی “بەداخەوە چەند ئەزموونێکمان هەیە و بەغدا چەند رێککەوتنێکی ئەنجامداوە، بەبێ ئەوەی ئێمە وەکو ئەنجومەن و وەکو ئیدارە ئاگادار بکاتەوە، بەڵام ئەمەیان بۆ ناچێتەسەر و دەبێت بەپێچەوانەی دەستوور کار نەکەن”.

تاڵەبانی دەشڵێت “بەبێ هاوئاهەنگی لەگەڵ ئیدارە و ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ناتوانن ئەو رێککەوتنە جێبەجێ بکەن، چونکە لە سنووری ئیداری ئێمەیە، بەستنەوەی بۆری بە هیچ دەوڵەتێکەوە ناکرێت بەبێ رەزامەندی کەرکوک، چونکە کێڵگە نەوتییەکان لە کەرکوکن”.

لە بەندی چوارەمی دەستووری عێراق، بوارەکانی دەسەڵاتی فیدراڵی لە ماددەی 112 لە بڕگەی دووەم هاتووە “حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمەکان و پارێزگا بەرهەمهێنەکان بە یەکەوە هەڵدەستن بە رەنگڕێژکردنی سیاسەتی ستراتیژی پێویست بۆ بەرەوپێشبردنی سامانی نەوت و گاز، بەجۆرێک کە ببێتە مایەی دەستخستنی زۆرترین سوود و کەڵک بۆ گەلی عێراق ئەویش بەپشتبەستن بەنوێترین تەکنیکی بنەماکانی بازاڕ و هاندانی وەبەرهێنان”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com