پارتی: ئەگەر پەرلەمانیش کارانەکرایەوە گشتپرسی ئەنجام دەدرێت

0

نوچەنێت: تایبەت

ئەندام پەرلەمانێکی پارتی رایدەگەیەنێت، بەبێ کاراکردنەوەی پەرلەمان دەتوانرێت گشتپرسی لەکاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت و دەشڵێت “کۆمسیۆن بەرپرسیار دەبێت لە ئەنجامدانی پرۆسەکە”.

رۆژی چوارشەممە 7-6-2017، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی باشوری کوردستان (جگە لە گۆڕان و کۆمەڵ) کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەش رۆژی 25-9-2017 یان بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی باشوری کوردستان راگەیاند. پارتی دیموکرات و بەشێکی زۆری لایەنە سیاسیەکان پێیانوایە بەبێ کاراکردنەوەی پەرلەمان دەتوانرێت پڕۆسەکە ئەنجامبدرێت، ئەمەش لەکاتێکدایە بزوتنەوەی گۆڕان و هەندێك لایەنی سیاسی پێیانوایە ئەنجامدانی گشتپرسی بەبێ کاراکردنەوەی پەرلەمان، شەرعیەتی یاسایی نییە.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، شوان شێخ ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی کاروباری یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی ئەنجامدانی گشتپرسی، لە ئەگەری کارانەکردنەوەی پەرلەمان رایگەیاند: بەبێ کاراکردنەوەی پەرلەمان دەتوانرێت گشتپرسی لەکاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت، بەبێ درووستبوونی هیچ گرفتێك، چونکە یاسای کۆمسیۆن هەیە و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، بەرپرسیار دەبێت لە ئەنجامدانی پرۆسەکە.

شوان شێخ ئەحمەد جەختیشیکردەوە و گوتی “لەبەر ئەوەی یاسای کۆمسیۆن هەیە، ئەگەر  گشتپرسیش یاسای نەبێت، کۆمسیۆن بەرپرسیار دەبێت پەپێی ماددەکان، کە روونە لەمادەی 2دا لە بڕگەی یەکەم، باس لەوە دەکات، کە هەر هەڵبژاردنێك و راپرسییەك لە هەرێمی کوردستان، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، دەتوانێت ئەنجامی بدات بەپێی پەیڕەوێك، کە دەری دەکات”.   

ئەو ئەندام پەرلەمانەی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کە ئەگەر پارتی و گۆڕان، نەگەنە رێککەوتنێک بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و چارەسەرکردنی پرسەکانی دیکە، ئەوکاتە دەبێت حزبە سیاسییەکان بڕیارێکی دیکە بدەن، چونکە پارتی هەموو نەرمییەکی نواندووە بۆ گەیشتن بەچارەسەرێکی گونجاو، تا هەموو لایەنەکان پێکەوە بگەنە رێککەوتن.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com