نوچەنێت: تایبەت
پەرلەمانتارێکی یەکێتی بەئومێدەوە سەیری رێککەوتنی پارتی و گۆڕان دەکات و رایدەگەیەنێت، کە حزبەکەی هۆکاربووە بۆ لێکنزیك بوونەوەی ئەو دوو هێزە و دەشڵێت “نابێت یەکێتی لە پەراوێزی رێککەوتنی نێوان ئەو دوو هێزەدا بێت”.
بەهۆی تێكچوونی پەیوەندی نێوان حزبە سیاسییەکانی باشوری کوردستان، بە تایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، دۆخی سیاسی چەقی بەستبوو، ئێستا بۆ دەربازبوون لەم چەقبەستوویە، پارتی و گۆڕان دەیانەوێت، کۆبوونەوەی دووقۆلی ئەنجام بدەن، بەمەبەستی چارەسەرکردنی ناکۆکی سیاسی و کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، هەروەها کارکردن بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، د. رێواز فایەق، ئەندام پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی، لەبارەی پەیوەندییەکانی پارتی و گۆڕان لەداهاتوودا رایگەیاند: ئومێدی گەورەمان هەیە بە رێککەوتنی نێوان پارتی و گۆڕان. هەروەها یەکێتی هۆکاربووە بۆئەوەی بتوانن ئەم دوو هێزە راستەوخۆ بە یەکەوە دابنیشن، لە ئێستادا هەرچیمان پێ بگوترێت بۆ مێژوو، خۆمان دەزانین قورسایی راگرتنی هاوسەنگی نێوان ئەم دوو هێزەمان، کە راگرتووە چەند گرنگە.
د. رێواز فایەق، لەبارەی ئەنجامدانی هەر رێککەوتنێکی پارتی گۆڕان دەڵێت “رێککەوتنی نێوان ئەو دوو هێزە نابێت بە شێوەیەك بێت، وەکو رێککەوتنەکەی رابردوو یەکێتی لە پەراوێزدا بێت، بەڵکو دەبێت لە بیری هەردوولادا بێت، کە یەکێتی چەند هێزێکی گرنگە، دەبێت ئامادەیی یەکێتی لەو رێککەوتنەدا ئامادەییەکی جددی بێت، ناشبێت هێزە ئیسلامییەکان پەراوێز بخرێن، بۆئەوەی هەموومان بەیەکەوە رێکبکەوین”.
ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی لەبارەی هەڵوێستی حزبەکەی بەوەی ئەگەر پارتی و گۆڕان نەگەیشتنە رێککەوتن بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان گوتی “ئێمە وەکو ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی، کۆبوونەوەی خۆمان دەکەین، ئەوکاتە بڕیار دەدەین، هەڵوێستمان چی دەبێت و چۆن دەبێت، بەڵام ئومێد و پێشبینیمان ئەوەیە، کە ئەم دووهێزە رێکبکەون”.
د. رێواز ئاماژەی بە هەڵوێستی حزبەکەی کرد و گوتی، یەکێتی نایەوێت دوو ئیدارەیی دروست ببێت، چونکە ئیدارەکەی هەولێر ئیدارەیەکی دەوڵەمەند دەبێت و ئیدارەکەی سلێمانی لە رووی ئابوورییەوە لاواز دەبێت، کە بە ئەنقەست ئیدارەی سلێمانی لاوازکراوە.