بارزانی: گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کارتی فشار نییە

0

نوچەنێت
مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ساڵڕۆژی ئەنفالی بارزانییەکان گوتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند، ساڵی رابردوو بەڕاشکاوی بە بەغدایان راگەیاندووە، شەراکەت لە عێراقدا شکستیهێناوە و دەیانەوێ دراوسێیەکی باش بن، بەڵام بەغدا ئەوەی بە کارتی فشار زانیوە و بەجددی پرسەکەی وەرنەگرتووە.

بارزانی جەختیکردەوە، گشتپرسی کارتی فشار نییە و لە 25-9-2017 گەلی کوردستان بڕیار لە چارەنووسی خۆی دەدات. راشیگەیاند، ئەگەر ماددەی 140ی دەستووری عێراق جێبەجێ بکرایە، ئەو هەموو کێشەیە رووینەدەدا، بەڵام بەغدا پابەندی دەستوور نەبوو.

بارزانی لەبارەی سەردانەکانی ساڵی رابردووی شاندی باڵای کوردستان بۆ بەغدا گوتی “مانگی نۆی ساڵی رابردوو خۆم چوومە بەغدا، مانگی پێشووتریش سەرۆکوەزیران چوو بووە بەغدا، لەوێ بەڕاشکاوی بە هەموو لایەنەکانمان گوت، ئێمە گەیشتووینەتە قەناعەتێک، کە ناتوانین پێکەوە بژین، چونکە ئێوە باوەڕتان بە شەراکەت نییە، ئەو شەراکەتەی عێراقی لەسەر بونیاد نراوە، شکستیهێنا. پێمان گوتن وەرن با بیر لەوە بکەینەوە ببینە دوو دراوسێی باش، بەڵام ئەوان ئەو بابەتەیان بە جددی وەرنەگرت و تەسەوریان دەکرد کارتی فشار بێ، بەڵام وانییە ئەوە قەناعەتی گەلی کوردستانە و لە 25ی ئەیلوول بڕیار لە چارەنووسی خۆی دەدات”.

بارزانی گوتیشی “دەمانەوێ لەگەڵ بەغدا بە ئاشتییانە بگەینە ئامانجەکانمان و هیوادارم دۆستانمان هانی ئێمە و بەغدا بدەن بۆ ئەوەی بە رێگای دیالۆگ بگەینە ئەنجام”. دەشڵێت “یەکڕیزی باشترین چەکە بۆ گەیشتنە ئامانجەکانمان و بەدەستهێنانی ئازادیی و سەربەخۆیی”.

بارزانی گوتیشی “بڕینی قووتی خەڵکی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراق هیچی کەمتر نییە لە ئەنفال و کیمیباران، کەسیش لەسەر ئەو تاوانە مەزنە نەهاتە دەنگ”.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، لە کۆی هەشت هەزار ئەنفالی بارزانییەکان، تاوەکو ئێستا 800 رووفاتیان هێناوەتەوە کوردستان.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com