نوچەنێت
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی کەرکوک رایدەگەیەنێت، لە ماوەی 6 مانگی رابردووەوە زیاتر لە هەزار کەس لە شاری کەرکوک و دەورووبەری دەستگیرکراون. دەشڵێت “لەنێو ئەو گیراوانەدا 135 کەس بەپێی ماددەی 4ی تیرۆر دەستگیرکراون”.
ئەمڕۆ دوششەممە 31-7-2017، غەسان رەشید، گوتەبێژی ئاسایشی کەرکوک، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند “لەمیانی کار و چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی کەرکوک لەماوەی 6 مانگی رابردوودا، لە 1-1-2017 وە تاوەکو 30-6-2017، توانیویانە لە هەڵمەتە جۆراوجۆرەکاندا 1009 کەس لەناو شاری کەرکوک و دەورووبەری دەستگیر بکەن”.
بەگوتەی غەسان رەشید، لەنێو ئەو گیراوانەدا 135 کەس بەپێی ماددەی 4ی تیرۆر دەستگیرکراون، لەگەڵ 250 گومانلێکراو، 13 کەس بەپێی ماددەی 406، 12 کەس بەتۆمەتی رفاندن، 11 کەس بەتۆمەتی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان، 8 کەسی دیکە بەتۆمەتی هەڕەشە و 66 کەسی دیکەش بەتۆمەتی دزی جۆراوجۆر دەستگیرکراون.
گوتەبێژی ئاسایشی کەرکوک زیاتر روونیکردەوە، 99 کەسی دیکە لەسەر شەڕکردن و 6 کەسیشیان بەتۆمەتی ساختەکاری دەستگیرکردوون، لەگەڵ سێ هەڵاتووی بەندیخانەکانی نێوەڕاستی عێراق.
ئاماژەی بەوەش کرد، هێزەکانیان توانیویانە 385 کەس بە تاوانی جۆراوجۆر بەپێی یاسای سزادانی عێراقی دەستگیر بکەن، لەوانە تەقەکردن، هەڕەشە و دەستدرێژیکردنە سەر پۆلیسی هاتووچۆ، رفاندنی منداڵ و خێزان لە کەمپی ئاوارەکان، فرۆشتنی کاڵای قاچاخ و فرۆشتن و بازرگانیکردن بە کەلوپەلەی ماوەبەسەرچوو.