تایبه‌ت: نوچه‌نێت
په‌رله‌مانتارێكی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له په‌رله‌مانی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، كاراكردنه‌وه‌ی بێ مه‌رجی په‌رله‌مانی كوردستان هه‌نگاوێكی ئەرێنییە. ده‌شڵێت ” دوای كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان به ته‌وافق یاسایی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ین”.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 30-7-2017، كۆمیته‌ی باڵای ریفراندۆم به سه‌رپه‌رشتی مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌ریمی كوردستان، لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، (بێجگه له گۆڕان، كۆمه‌ڵ) بڕیاری كاراكردنه‌وه‌ی بێ مه‌رجی په‌رله‌مانی كوردستانیان ده‌ركرد، له ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ی داهاتوودا.
له لێدوانێكی تایبه‌ت به نوچه‌نێت، بێستون فایه‌ق، په‌رله‌مانتاری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له په‌رله‌مانی كوردستان، له‌باره‌ی بڕیاری كۆمیته‌ی باڵای ریفراندۆم بۆ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان، له ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ی داهاتوودا ڕایگه‌یاند: كاراكردنه‌وه‌ی بێ مه‌جی په‌رله‌مانی كوردستان و گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان و وه‌زیره‌كانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ كاره‌كانیان هه‌نگاوێكی ئیجابییه. ده‌شڵێت “پێشوازی لی ده‌كه‌ین”.
بیستون فایه‌ق ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات و دەڵێت، له دوای كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان، پێویسته په‌رله‌مان به رێککەوتن پرسی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان چاره‌سه‌ر بكات، چونكه ناكرێ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له بۆشایی یاسایی دا بمینیته‌وه، پێویسته به هه‌موو لایه‌نه‌كان پێكه‌وه چاره‌سه‌رێك بۆ ئه‌و پرسه بدۆزینه‌وه.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی گۆڕان، داوای دڵنیایی له پارتی ده‌كات و ده‌ڵێت، پێویسته په‌رله‌مان كاری خۆی بكات، وه‌ك هه‌موو په‌رله‌مانه‌كانی دونیا، ناكرێ لایه‌نێك هه‌نگاوێكی په‌رله‌مانی به دڵ نه‌بوو دایبخات، بۆیه پێویسته ئه‌و پرسه‌ش چاره‌سه‌ر بكرێت.