پارتی: پێویستە کاراکردنەوەی پەرلەمان لەپێناو سەرخستنی گشتپرسیدا بێت

0

نوچەنێت: تایبەت

پەرلەمانتارێکی پارتی رایدەگەیەنێت، ئەگەر ئیرادەیەکی جددی هەبێت، دەتوانرێت لەماوەی دوو هەفتەدا پەرلەمان کارابکرێتەوە و دەشڵێت “گرنگ ئەوەیە بۆ بەرژەوەندی ریفراندۆم کارابکرێتەوە”.

رۆژی یەکشەممە 30 ـ7ـ2017، ئەنجومەنی باڵای گشپرسی بە سەرپەرشتی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بە بەشداری کۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نوێنەری پارتە سیاسی و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی ئەندام لەو ئەنجوومەنە لە پیرمام كۆبووەوە، لە کۆبوونەوە کەدا سێ بڕیار دران و یەكێك لەوبڕیارانەش ئەوەبوو کە لەماوەی دوو هەفتەدا پەرلەمانی کوردستان دەست بەکار بکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و پشتیوانیی لەگشپرسی. 

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، نازم هەرکی، ئەندام پەرلەمانی کوردستان، لە فراکسیۆنی پارتی، سەبارەت بە دیاریکردنی کاتی کاراکردنەوەی پەرلەمان لەلایەن ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆمەوە رایگەیاند: ئەگەر ئیرادەیەکی جددی هەبێت، بێگومان دەتوانرێت لەماوەی ئەو دوو هەفتەیەدا، کە دیاریکراوە لە لایەن نجومەنی باڵای گشتپرسی هەرێمی کوردستان، پەرلەمان کارابکرێتەوە و دەست بە کارەکانی خۆی بکاتەوە، بەڵام گرنگ ئەوەیە بۆ بەرژەوەندی گشتپرسی سەرخستنی کارابکرێتەوە، ئەگەرنا کاراکردنەوەی هیچ سودی نییە.

نازم هەرکی گوتیشی “پارتی لە ئێستادا زۆر هاتووەتە پێشەوە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکانی نێوان حزب و لایەنەکان، بۆیە پێویستە لایەنەکانی دیکە بەتایبەت بزووتنەوەی گۆڕان بەجددی بێتە پێشەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان و کۆتایی هێنان بە ئاڵۆزی سیاسی لایەنەکان، بۆئەوەی بتوانرێت هەموومان بەیەکەوە پرۆسەی گشتپرسی سەربخەین”.

لەبارەی کۆبوونەوەی حزبەکەی لەگەڵ گۆڕان، کە بڕیارە ئەنجام بدرێت هەرکی ئاشکرای کرد “بڕیارە لەم هەفتەیەدا کۆبوونەوەکە ئەنجام بدرێت و دواین بڕیار بدرێت. هەروەها بنچینەی کۆبوونەوەکەش بۆ ئەوەیە، کە یەکلایی بکرێتەوە پەرلەمانی کوردستان بە چ میکانیزمێك کارابکرێتەوە و دابنیشێت، بۆ ئەوەی لە خزمەتی گشتپرسیدا بێت”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com