ئەنجومەنی باڵای گشتپرسی نەخشەرێگای داهاتوو بۆ پشتیوانیکردن دیاری دەکات

0

نەوزاد عەلی چوچانی

ئەندامێکی ئەنجومەنی باڵای گشتپرسی رایدەگەیەنێت، لە کۆبوونەوەکەدا چۆنیەتی دیاریکردنی نەخشەرێگای داهاتوو، بۆ پشتیوانیکردنی گشتپرسی لەناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستان دیاری دەکرێت.

رۆژی 8-7-2017 یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم بە سەرپەرشتی مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو، لەو کۆبوونەوەیەدا سێ بڕیار درا، یەكێك لەو بڕیارانە، پابەندبوونی بەشداربووانی كۆبوونەوەكە بوو، بە بڕیار و راسپاردەكانی كۆبوونەوەی 7-6-2017، سەبارەت بە دیاریكردنی رۆژی 25ی ئەیلوول بۆ بەڕێوەچوونی ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، چارەسەركردنی پرۆسەی سیاسیی هەرێم و هەوڵدان بۆ باشتركردنی بژێوی ژیانی خەڵك.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، د. عەبدوڵڵا وەرتێ، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای گشتپرسی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: بڕیارە سبەینێ یەكشەممە 30-7-2017، ئەنجومەنی باڵای گشتپرسی هەرێم کۆببێتەوە، ئەجێندای کۆبوونەوەکەش، تایبەت دەبێت بە چۆنیەتی دیاریکردنی نەخشەڕێگای داهاتوو، بۆ پشتیوانیکردنی گشتپرسی لەناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستان.

د. عەبدوڵڵا وەرتێ گوتیشی “لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر ئەوپرسانە دەکرێت، کە پەیوەندیان بە بارودۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە، هێزە سیاسییەکان، کاراکردنەوەی پەرلەمان و بژێوی ژیانی خەڵکەوە هەیە”.

ئەندامەکەی ئەنجومەنی باڵای گشتپرسی دەڵێت “یەکێکیتر لەو تەوەرانەی، کە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، درووستکردنی کۆدەنگی نیشتمانییە بۆ ئەو پرس و هەڵوێستانەی، کە وڵاتانی بیانی لەسەر پرسی گشتپرسی هەیان بووە”.

ناوبراو جەختی لەوەشکردەوە، ئەو لایەنانەی، کە پێشتر بەشداری کۆبوونەوەی ئەنجومەنەکەیانکردبوو، بەشداری کۆبوونەوەکەی سبەینێ دەکەن.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com