نوچەنێت-رووداو
سەرۆک ئەرکانێکی خانەنشینی ئەمریکی رایدەگەیەنێت، ئێستا کاتی سەربەخۆیی کوردستانە و پێویستە ئێستا ئەمریکا بنکەی سەربازی لە کوردستان هەبێت.
رۆناڵد گریفس، سەرۆک ئەرکانە خانەنشینکراوی ئەمریکا، لە پانێڵێکدا بۆ گشتپرسی باشووری کوردستان لە واشنتۆن رایگەیاند “ئێستا کاتی سەربەخۆیی کوردستانە و دەبێت ئەمریکا پاڵپشتی ئەو هەوڵەی هەرێمی کوردستان بێت”.
رۆناڵد گریفس هەروەها گوتوویەتی “دەبێت تورکیا و وڵاتان تێبگەن کە گشتپرسی هەرێمی کوردستان هەڕەشە نییە، دەبێت پاڵپشتی لە گشتپرسی و داخوازی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەین”.
گریفس، رەخنەی تووندی لە حکومەتی عێراق گرتووە بەوەی، کە دۆستی ئەمریکا نییە و گوتی “دەبێت ئەمریکا هاوکارییەکانی بۆ حکومەتی عێراق کەم بکاتەوە و هاوکارییەکانی بۆ هەرێمی کوردستان زیاد بکات. پێویستە ئەمریکا بنکەی سەربازی لە کوردستان هەبێت وەک چۆن لە کوەیت هەیەتی”.