ژووری بازرگانی سلێمانی: پڕوپاگەندەی گرانبوونی كاڵا خزمەتكردنە بە ناحەزانی كوردستان 

0

نوچەنێت

ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی رایدەگەیەنێت، پڕوپاگەندەی سەرهەڵدانی كێشەی خۆراك و كەمی و گرانبوونی كاڵا و كەلوپەلی پێویست لە كوردستان جگە لە خزمەتكردن بە ناحەزانی كوردستان و زیان گەیاندن بە هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە هیچ شتێكی دیكەی لێ چاوەڕوان ناكرێت.

ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە “ماوەیەكە پڕوپاگەندەی نابەرپرسانە سەبارەت بە سەرهەڵدانی كێشەی خۆراك و كەمی و گرانبوونی كاڵا و كەلوپەلی پێویست لە كوردستان دەكرێت، ئەمجۆرە پڕوپاگەندانە هەر مەرام و ئامانجێكیان لە پشتەوە بێت، جگە لە خزمەتكردن بە ناحەزانی كوردستان و زیان گەیاندن بە هاووڵاتیانی ئەم هەرێمی هیچ شتێكی دیكەی لێ چاوەڕوان ناكرێت”.

لە بەشێكی تری بەیاننامەكەدا هاتووە “بە توندی ئەو پڕوپاگەندانە و بوونی هەر جۆرە كێشەیەك لە كاری بازرگانی و هاوردەكردندا ڕەت دەكەینەوە و هاووڵاتیانی كوردستان لەوە دڵنیا دەكەینەوە كە كاری بازرگانی و هاوردەكردنی خۆراك و كەلوپەل بەبێ هیچ جۆرە كێشە و گرفتێك بەڕێوە دەچێت و چالاكی بازرگانی لە هەموو دەروازە سنوورییەكانی هەرێم و فڕۆكەخانەكانەوە بە شێوەیەكی ئاسایی بەڕێوەدەچێت”.

ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی لە بەیاننامەكەیاندا داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەكان دەكات “لێپێچینەوە بەرامبەر ئەو جۆرە كەسانە بكەن بەمجۆرە پڕوپاگەندانە كاریگەریی خراپ دەكەنە سەر ڕەوتی بازرگانی و ئیش و كاری بازاڕ و ئابووریی كوردستان و لێدوانە بێبنەما و نابەرپرسیارانەكانیان ترس و دڵەڕاوكێ لای هاووڵاتیان دروست دەكات”. 

لە كۆتایی بەیاننامەكەدا داوا لە حكومەت كراوە “لێپرسینەوە لەو ڕێكخراوانە بكات، وەكوو بازرگان خۆیان دەناسێنن و لەسەر ڕەوشی بازاڕ كاری نایاسایی و قسەی نایاسایی دەكەن و ترس دەخەنە ناو خەڵكی كوردستانەوە”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com