نوچەنێت
ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لەدوای کۆبوونەوەیان لە گەڵ بزووتنەوەی ئیسلامی رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەیاندا باسی گشتپرسی و کاردانەوەی وڵاتان کرا. دەشڵێت “بەرەی دژی گشتپرسی بە مردوویی لە دایکبووە”.
رۆژی پێنجشەممە 27-7-2017، شاندێکی باڵای یەکێتی نیشتمانی کوردستان، سەردانی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان کرد و کونفرانسێکی رۆژنامەوانیان سازکرد.
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لەدوای کۆبوونەوەکە و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند “لە کۆبوونەوەکەدا باسی گشتپرسی و کاردانەوەی لە وڵاتان کرا. هەروەها باسی پاشەڕۆژی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی کرا، شاراوە نییە، هەڵوێستی ئێران نەرێنی بوو و ئەوان نیگەرانن لە گشتپرسی و بیرکردنەوە لە سەربەخۆیی، بەڵام پێدەچێت زانیارییەکانی بەرپرسانی ئێران زانیاریی تاکلایەنە بێت، بۆیە بەپێویستی دەزانین، کە شاندێکی گەورەی هەرێمی کوردستان پێکبێت لە زیاتر لە حزبێک و سەردانی ئێران بکەن و لەگەڵیان قسە بکرێت”.
سەعدی پیرە، سەبارەت بە بەرەی دژی گشتپرسی گوتی “هیچ قسەیەکم لەسەر نییە و پێموایە بە مردوویی لەدایکبووە”.