نوچەنێت
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە قوتابییە یەکەمەکانی کوردستان کرد و رایگەیاند “ئێوە هەمووتان رۆحی شەهیدانتان شاد کرد و مایەی سەربەرزی و شانازیین”.
رۆژی چوارشەممە 26ـ7ـ2017 لە سەلاحەدین، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە قوتابییە یەکەمەکانی دەرچووی پۆلی دوازدەی ئامادەیی کرد.
بەگوێرەی ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لەو دیدارەدا، کە وەزیری پەروەردە و بەڕێوەبەری گشتی ئەزموونەکان و بەڕێوەبەرانی گشتی پەروەردەی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و گەرمیان ئامادەی بوون، سەرەتا وەزیری پەروەردە سوپاسی بارزانی کرد، بۆ رەخساندنی دەرفەتی ئەو دیدارە و کورتەیەکی لەسەر پێشکەوتنی پرۆسەی خوێندن لە کوردستان و ئاستەنگەکان باس کرد.
دواتر مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەخێرهاتنی قوتابییە یەکەمەکانی کوردستانی کرد و رایگەیاند “زۆر خۆشحاڵە بە دیداری ئەو ئازیزانە و پیرۆزبایی لە قوتابییەکان و مامۆستایان کرد”.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند “بۆ من زۆر جێی خۆشحاڵییە، کە ژمارەیەکی زۆر کچ لە ریزی یەکەمەکانی کوردستاندان و کچی شەهیدێکی کوردستان، پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە، ئێوە هەمووتان روحی شەهیدانتان شاد کرد و مایەی سەربەرزی و شانازیین”.
بەپێی ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، هەر لە دیدارەکەدا دوو قوتابی یەکەمی هەردوو بەشی زانستی و وێژەیی، بەناوی قوتابییە یەکەمەکانی کوردستانەوە سوپاسی بارزانییان کرد بۆ ئەو پێشوازییە و سوپاسی مامۆستایانیان کرد کە پشتیوانیان بوونە بۆ ئەو سەرکەوتنەیان.
هەروەها “سوپاسی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستانیان کرد، کە لە سایەی ئەوانەوە توانیویانە بە دڵنیاییەوە بخوێنن و بەڵێنیشیان دا کە هەموو توانا و هەوڵەکانیان بۆ سەرخستنی کوردستان و شادکردنی رۆحی شەهیدان دەبێت”.